رووداو دیجیتاڵ
نەخۆشیی تەبەق لەنێو ئاژەڵانی عێراقدا بڵاوبووەتەوە و گومان دەکرێت لە هەرێمی کوردستانیش نەخۆشییەکە هەبێت. بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، پشکنینیان بۆ ئەو ئاژەڵانە کردووە مردار بوون، بەڵام ئەنجامەکەی دەرنەچووە.
تاوەکو ئەمڕۆ بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تەبەق نزیکەی 700 سەر ئاژەڵ لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق مردار بوون، هەروەها ژمارەیەک ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستانیش مرداربوون و گومانی هەمان نەخۆشییان لێدەکرێت، بەڵام بوونی نەخۆشییەکە بە فەرمی پشتڕاستنەکراوەتەوە.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێریی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "نەخۆشیی تەبەق لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق بڵاوبووەتەوە، بۆیە لێرە هەر مرداربوونێکی ئاژەڵ تۆماربکرێت خاوەن ئاژەڵەکان دەڵێن نەخۆشیی تەبەقە".
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە هەرێمی کوردستانیش مرداربوونی ئاژەڵ هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی نەخۆشییەکە پشتڕاستنەکراوەتەوە، کە تەبەق لە هەرێمی کوردستان بڵاوە یان نا".
فیراس سدیق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ تیمی تایبەت لە وەزارەتی کشتوکاڵ نموونەیان بۆ پشکنین لەو ئاژەڵانە وەرگرتووە، کە مرداربوون، هەرکات ئەنجامەکەی بڵاوبووەوە، ئاشکرا دەبێ نەخۆشییەکە هەیە یان نا.
19-02-2025، عەباس جەبر مالیکی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، کە رووداویش ئامادە بوو، رایگەیاند: "ئەوەی سامانی ئاژەڵ تووشی بووە شتێکی گەورەیە، ئەگەر یەک مانگا، یان گامێشێک لە هەر پارێزگایەک لەدەستبدەین، وەکو زیانێک بۆ سامانی ئاژەڵ دەبینین".
عەباس جەبر مالیکی نەخۆشییەکەی بە ئاسایی و سرووشتی ناوبرد و گوتی، نەخۆشیی تەبەق لە ساڵانی سییەکانەوە سەریهەڵداوە، ساڵانە سەرهەڵدەداتەوە، ئاژەڵان تووشی دەبن لە هەموو وڵاتانی جیهانیشدا هەیە، بەڵام لە عێراق رەگ و ریشەی داکوتیوە.
رۆژی پێشتر و لە 18ـی شوبات، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "محەممەد شیاع سوودانی بڕیاریداوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر دەنگۆی تووشبوونی گامێش و مانگاکان بە نەخۆشیی تەبەق پێکبهێندرێت، کە لیژنەکە بە ئەندامێتیی چەند پسپۆڕێکی زانستی ڤێتێرنەری و بەرهەمی ئاژەڵان دەبێت".
تەبەق نەخۆشیەكی ڤایرۆسییە، تووشی ئاژەڵە سمدارە دوو لەتەكان دەبێت و ژێرسمی ئاژەڵەكە بریندار دەكات. بەپێی لێكۆڵینەوەكان، نەخۆشی تەبەق خێراترین نەخۆشیی ڤایرۆسییە بۆ بڵاوبوونەوە لەنێو ئاژەڵاندا.
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، زیاتر لە 16 ملیۆن و 400 هەزار مەڕ؛ ملیۆنێک و 300 هەزار بزن؛ ملیۆنێک و 800 هەزار مانگا؛ 462 هەزار گامێش و زیاتر لە 200 هەزار وشتر لە عێراق هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ