دوای 32 ساڵ؛ بەشێک لە کرێکاران تائێستا نازانن سەندیکایان هەیە

23-02-2024
بەختیار قادر
بەختیار قادر
دیمەنی دوو کرێکار لە کاتی کارکردن. وێنە: رووداو
دیمەنی دوو کرێکار لە کاتی کارکردن. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەندیکای کرێکارانی کوردستان لە ساڵی 1992 لەلایەن بەرەی کوردستانییەوە پێکهێندراوە تاوەکو ئامادەکاری بۆ کۆنگرە بکەن، بەڵام 32 ساڵ تێپەڕی و هێشتا کۆنگرەیان نەکردووە.
 
لەو ماوەیەدا دەبوو تاوەکو ئێستا 8 کۆنگرە ببەستن. ئەوەی جێی سەرنجە، تاوەکو ئێستا بەشێکی بەرچاو لە کرێکاران نازانن سەندیکایان هەیە.
 
هەنگاو دەربەندی، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە رووداوی گوت، "بارودۆخ و هەلومەرجی زۆر هەبوون تاوەکو کۆنگرە نەبەسترێت، ئەم سەندیکایە کاتی خۆی بەرەی کوردستانی پێکیهێناوە، ئێستاش دیسان دەبێ بە رێکەوتنی لایەنە سیاسییەکان ئامادەکاری بۆ یەکەم کۆنگرە بکرێت... لە 2023وە بە جیدی سەرقاڵین و بەنیازین ئەم ساڵ کۆنگرە ببەسترێت".
 
سەندیکاکە 7 لقی لە هەرێمی کوردستان هەن، ژمارەی ئەندامانیان زیاتر لە 80 هەزار کەسە، زۆربەی بەرپرسی لقەکان بێ هەڵبژاردن لە سەر کورسی دانیشتوون.
 
یوسف کەریم، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکاران بۆ رووداوی باس کرد، "تەواوی بەرپرسی لقەکان بێ هەڵبژاردن گۆڕدراون و تائێستا دەرفەت نەبووە بە هەڵبژاردن ئەندامانی لقەکان دابنرێن؛ ئیتر هەلومەرجەکە وا هاتووەتە پێش".
 
چوومە شەقامێکی هەولێر کە تاوەکو چاو بڕ بکات کرێکار وەستاون و چاوەڕێن کەسێک بێت و بڵێت کرێکارم دەوێ. زۆرن ئەوانەی زیاتر لە 20 ساڵە کرێکارن، بەڵام نە ستاف ونە سەرۆک و نە شوێنی سەندیکای کرێکاران پێدەزانن.
 
عەبدولستار عەبدوڵڵا، لەسەر ئەو شەقامە بۆ کرێکاری وەستابوو، بۆ رووداو گوتی، "من تائێستا شتێکی وام نەزانیوە سەندیکایەکمان هەبێت و لە حاڵمان بپێچێتەوە".
 
عەبدوڵڵا کەریم، کرێکارێکی دیکەی سەر شەقامەکە بوو، بۆ رووداو ئاماژەی بەوە کرد، "پیر بووم لە کاری کرێکاریدا و هیچ کات نەمزانیوە سەندیکایەکمان هەبێت؛ ئەگەر هەن، کوا لەکوێن؟".
 
ئازاد جەباریش هەر کرێکارێک بوو، گوتی، "ئەوە لە تۆی بزانم کە داواکارێکم هەبێت و سەندیکایەکمان هەبێت بۆ داکۆکی کردن لە مافەکانمان".
 
چینی کرێکار لە هەموو وڵاتێک بزوێنەری هێزی کار و کۆڵەکەی ئابووری و وەبەرهێنانە. بە گشتی هەر شتێکی رۆژانە دەیبینین شوێنپەنجەی ئەوانی پێوە دیارە، بەڵام پێیانوایە ئەو کەمە مافەی هەیانە و ئەو داکۆکییەی سەندیکاکەیان لێیان دەکات بارتەقای ئەرکی زۆر و کاری تاقەتپڕوکێنی رۆژانەیان نییە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو بازاڕەی شارەوانیی کەلار دەڵێت تێکی دەدەن

شارەوانیی کەلار: بازاڕی سەنتەری شار تێکدەدرێ و دووکانداران قەرەبوو دەکرێنەوە

شارەوانیی کەلار 262 دووکانداری بازاڕی سەنتەری شارەکەی ئاگادار کردوونەتەوە، دووکانەکانیان چۆڵبکەن کە بە دووکانی گەنمفرۆشان ناسراون. دووکانداران ناڕازین و دەڵێن، شوێنی نوێ گونجاو نییە بۆ کار. 130 دووکاندار کرێچین و داوا دەکەن بێکار نەکرێن. شارەوانیی کەلار دەڵێت، هیچ دووکاندارێک بێکار ناکرێ و قەرەبوو دەکرێنەوە.