رووداو دیجیتاڵ
دوای ناڕەزایی بەشێکی هاونیشتمانیان لەبارەی هەوڵدان بۆ ئەوەی بەشێکی مزگەوتی گەورەی ناحیەی رزگاری بکرێتە شوێنی بازرگانی، وەزیری ئەوقاف و بەرپرسانی سنوورەکە رەتیدەکەنەوە رێگە بدەن گۆڕانکاری لە مزگەوتەکە و زەوییەکەیدا بکرێت.
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان (رۆژی پێنجشەممە 23-01-2025) لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئیدارەی گەرمیان، "خەڵکی خۆشەویستی دەڤەرەکە دڵنیا دەکەینەوە، کە بەھیچ بەجۆرێک رێگە نادەین ئەم کارە بکرێت و ھیچ بەشێکی زەویی مزگەوت بۆ کاری بازرگانی بەکاربھێندرێت".
هەر ئەمڕۆ سەباح محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مزگەوتی گەورەی ناحیەی رزگاری نۆژەن دەکرێتەوە، هەندێک کەس ویستوویانە دەستکاری زەوییەکەی بکەن و بەشێکی بۆ بازرگانی بەکاربهێنن، بەڵام ئێمە دژی وەستاینەوە".
بەڕێوەبەری ئەوقافی گەرمیان گوتیشی: "جگە لە ئێمە لە ئەوقاف، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش هاتوونەتە سەرهێڵ و بەهیچ شێوەیەک رێگە نادرێت زەوی مزگەوتەکە بۆ کاری بازرگانی بەکاربهێندرێت، بەڵکو بەشێوەیەکی جوان دەکرێتەوە مزگەوتێکی گەورە و نوێ".
هاوکات ئەمڕۆ نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "قسەکانی جەنابی وەزیر بۆ رەواندنەوەی ناڕەزایی بەشێکی هاونیشتمانییانی گەرمیان بووە، کە خۆپیشاندانیان کردووە دژی ئەوەی گوایە بەشێکی مزگەوتێک دەکرێتە شوێنی بازرگانی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ