هێمن هەورامی: دەبێت بە زووترین کات پەرلەمان لەبارەی سیستمی فرەبازنەیی و هەمواری یاسای هەڵبژاردن کۆببێتەوە

23-01-2023
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دەبێت لە زووترین کاتدا پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و جێگیرکردنی فرەبازنەیی کۆبوونەوەی نائاسایی بکات.
 
رۆژی دووشەممە 23-01-2023، کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری لە نێوان سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کرا.
 
دوای کۆبوونەوەکە، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "دەبێت ھەرچی زووترە دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بۆ خوێندنەوەی یەکەمی ئەو پێشنیازە یاسایانەی کە پێشتر لەلایەن فراکسیۆنە جیاجیاکانەوە پێشکێشکرابوون بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن، جێگیرکردنی فرەبازنەیی و تۆماری بایۆمەتری دوایین لیستی دەنگدەرانی ھەڵبژاردنەکانی مانگی 10ی 2021ی پەرلەمانی عێراق." 
 
هێمن هەورامی گوتی، "دوای ھاتنە ئارای خاڵی ھاوبەش و تێگەیشتنی سیاسی لایەنەکان لەسەر فرەبازنەیی، ئەرکی پەرلەمانە رێوشوێنە یاساییەکانی بگرێتە بەر و چیدیکە کات بەفیڕۆ نەدرێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان کارا بکرێتەوە و زەوینەی تەکنیکی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەمساڵدا ئامادە بکەن." 
 
دوای کۆبوونەوەکە، زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی و هەروەها زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە جیا کۆنفرانسی رۆژنامەڤانییان کرد و باسیان لە ئەنجامەکانی کۆبوونەوە کرد و کۆبوونەوەکەیان بە "ئەرێنی" وەسفکرد.
 
زیاد جەبار لەبارەی کاتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "لەم کۆبوونەوەیەدا هەموو لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەوەی کە دەبێت هەڵبژاردن لەو کاتەیدا کە دیاری دەکرێت، بەڕێوە بچێت و پێویست دەکات هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێت." 
 
هاوکات زانا مەلا خالید ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە دەستپێشخەری پارتیمان راگەیاندووە لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و پێویستە لە زووترین کاتدا کار بۆ هەڵگرتنی ئاستەنگە یاساییەکان بکرێت و لە هەمانکاتیشدا هەموو ئەو لەمپەرانەی کە لە بەردەم پرسی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان هەن، بە هەنگاوی کرداری چارەسەر بکرێن." 
 
بەپێی گوتەی فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کە هەفتەیەک لەمەوپێش قسەی بۆ رووداو کرد، "لە 2 مانگی داهاتوودا سەرۆکی هەرێمی کوردستان وادەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکات. لەو رۆژەی کە وادەی هەڵبژاردن دیاری دەکرێت کۆمیسیۆن شەش مانگی پێویستە بۆ ئامادەکارییەکان." 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی.

سەرپەرشتیاری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی: زیاتر لە 65٪ـی کاری شەقامەکە تەواوکراون

ئەبوبەکر تەیب، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کارکردن لە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری بەردەوامە و تائێستا زیاتر لە 65٪ـی کارەکانی تەواوکراون،" بەڵام گوتیشی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە پێویستیان بە "بەرنامەی نوێی کارکردن هەیە."