بزووتنەوەی ئیسلامی و هەڵوێست ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە و گۆڕانیش دەڵێت: دەنگی ئێمە نییە

22-10-2024
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆكی لیستی هەڵوێستی نیشتیمانیی و رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە. بزووتنەوەی گۆڕانیش دەڵێت، ئەمانەی راگەیێندراون دەنگی ئێمە نین.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2024، عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیستی هەڵوێستی نیشتمانیی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئێمە زۆر سوپاسی ئەو خەڵکە دەکەین کە متمانیان پێبەخشیوین و ئەمە زیاتر هانمان دەدات بۆ قۆناخی گەورەتر، هەر ئەم متمانەیش وادەکات ئێمە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رەتبکەینەوە و قبووڵی نەکەین، چونکە ئێمە بۆ سەلماندنی ئەم راستییە (ساختەکاری) سەدان بەڵگەنامە دەخەینەڕوو کە ئەم هەڵبژاردنە لە بەرژەوەندی سێ حیزب دەستکاریکراوە و رێکاری یاسایی دەگرینەبەر".
 
هەروەها عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئێمە  بە هەموو شێوەیەک ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان رەتدەکەینەوە، بە پیلان دەنگەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ کەمترین ئاست کەمکراوەتەوە".
 
عیرفان عەبدولعەزیز دەڵێت ئەوان بەڵگەیان هەیە، "بەداخەوە هەموو جارێک لە بابەتی هەڵبژاردن وا لە خەڵک دەکەن کە بڕوای بە دیموکراسی و هەڵبژاردن نەمێنێت و لێی دووربکەوێتەوە، ئێمە هەموو کاتێک گوتوومانە دیموکراسییەت فۆرمێکە کە ئەسڵ و ئەساسی نییە، بەهۆی سرووشتی هێز لە هەولێر و سلێمانی هیچ گۆڕانگارییەک روونادات لە ئەنجامی دەنگەکان، کە لە رێگەی ساختەکارییەوە دووبارە هەر هێزێکیان بوێت بە گەورە نیشانی دەدەن هەر هێزێکیشیان بوێت بچووکی دەکەنەوە، کە ئەمەش وا لە بزووتنەوەی ئیسلامی دەکات بە تەواوەتی لە پڕۆسەی سیاسی بکشێتەوە، ئەم پڕۆسەیە و ئەم دەنگدانە و ئەم ساختەکارییە پیرۆزی خۆیان بێت".
 
کاردۆ محەممەد، رێکخەری ژووری پەرلەمانی گۆڕان و پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن دەنگی ئێمە نییە و بەپێی پێویست نەبوو، هەموو لایەنەکان لەوە زیاتریان هێنا کە خۆیان بۆ خۆیان پێشبینییان دەکرد، ئەمەش خۆی جێگەی پرسیارە و دەریدەخات کە هەڵبژاردنەکە پێشوەخت دیزاین کراوە".
 
کاردۆ محەممەد دەڵێت، "لایەنەکان سەرکەوتن لە دروستکردنی کۆسپ و بەربەست بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام ئێمە پاشەکشێ ناکەین و هێشتا لە ناو گۆڕان هیوا ماوە".
 
دوێنی دووشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2024، ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان راگەیێندرا، لیستی هەڵوێستی نیشتیمانیی 4 کورسی بەدەستهێنا، لە بازنەی هەولێر 1 کورسی، بازنەی سلێمانی 2 کورسی و بازنەی دهۆک 1 کورسی، هەروەها بزووتنەوەی گۆڕان 1 کورسی بەدەستهێنا، بووتنەوەی ئیسلامیش نەیتوانی هیچ کورسییەک بەدەست بهێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەو چوار ساڵەدا زۆرترین کەس لە ساڵی 2021 خنکاون. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە.

بەرگریی شارستانیی هەولێر: لە چوار ساڵدا 116 کەس لە ئاودا خنکاون

بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە چوار ساڵی رابردوودا 224 کەس لە رووداوی جیادا گیانیان لەدەستداوە کە 116یان لە ئاودا خنکاون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا بەهۆی رووداوی جیاوە هەزار و 218 ئۆتۆمبێل سووتاون.