رووداو دیجیتاڵ
ئەو 26 وێستگەیەى کە دەژمێردرێنەوە زیاتر لە حەوت هەزار دەنگى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانیان تێدایە. زۆرترینى لە بازنەى هەولێرە. کێشە لە ناردنى زانیارى و جیاوازى نێوان ژماردنى دەستى و ئەلیکترۆنى هۆکارى وردبینکردنەوەکانن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 22ى تشرینى یەکەم، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەست بە ژماردنەوەى دەنگى ئەو وێستگانە دەکات کە تاوەکو ئێستا هەژمار نەکراون کە 26 وێستگەن و ژماردنەوەکە لە دهۆکەوە دەستپێدەکات.
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتوون، 13 وێستگەیان لە هەولێرن، شەشیان لە سلێمانی و حەوتیان لە دهۆکن.
رۆژى 23ى تشرینى یەکەم وێستگەکانى سلێمانى و رۆژى دواتر وێستگەکانى هەولێر هەژمار دەکرێنەوە.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "پێنج لەو وێستگانەى سلێمانی بەهۆى جیاوازى ئەنجامەوە دەژمێردرێنەوە، شەشەم وێستگەش کێشە لە ناردنى زانیارییەکانیدا هەبووە."
لە 13 وێستگەکەى هەولێر نۆیان بەهۆى کێشە لە میمۆرى زانیارییەکان، سێیان بەهۆی جیاوازى کەمتر لە 5% و یەکێکیان بەهۆى جیاوازى زیاتر لە 5%ى ژماردنى دەستى و ئەلیکترۆنى دەژمێردرێنەوە.
هەرچى وێستگەکانى دهۆکە، سێیان بەهۆى کێشە لە ناردنى زانیارییەکان و چوارەکەی دیکە بەهۆى کێشە لە میمۆرى تایبەت بە هەڵگرى زانیارییەکان دەژمیردرێنەوە.
21ى تشرینى یەکەم، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى بڵاوکردەوە، کە رێژەى 99.63%ى تەواوى دەنگدانەکە بوو.
بەو پێیەى کە ژمارەى ئەو کەسانەى دەنگیان داوە لەو هەڵبژاردنە دوو ملیۆن و 87 هەزار و 927 کەسن، ئەو 0.37% دەنگەى کە ماوە هەژمار بکرێت، حەوت هەزار و 725 دەنگە.
دەنگدانى تایبەتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 18ى تشرینى یەکەم و دەنگدانى گشتى دوو رۆژ دواتر کرا، 118 سکاڵا لە بارەى هەردوو دەنگدانەوەکە پێشکێش بە کۆمیسیۆن کراوە .
عیماد جەمیل رایگەیاند: لەگەڵ ژماردنەوەى دەنگى ئەو 26 وێستگەیە کۆمیسیۆن تاوتوێى سکاڵاکان دەکات، دواتر دەست بە دابەشکردنى کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان دەکات و ئەنجامى کۆتایی رادەگەیێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ