کچە کوردێکی ئێزدی لە تورکیا دەدۆزرێتەوە و باوکی داوای هاوکاری لە نێچیرڤان بارزانی دەکات

دوێنێ کاژێر 10:54
سۆران حوسێن
باوکی کچەکە چیرۆکەکەی بۆ رووداو باس دەکات
باوکی کچەکە چیرۆکەکەی بۆ رووداو باس دەکات
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کچە کوردێکی رفێندراوی ئێزدی لە گرتووخانەیەکی باکووری کوردستان دەدۆزرێتەوە. باوکی چووەتە گرتووخانەکە و دەڵێت، تورکیا داوای نووسراو لە عێراق دەکات.
 
کچەکە ناوی ئاسیایە و کاتێک ساڵی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندراوە، تەمەنی 15 ساڵ بووە. کەمال چەتۆ، باوکی ئەو کچە کوردە ئێزدییە بۆ ناسر عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو قسەی کرد و دەڵێت، لە رێگەی پرسیار و بەدواداچوونەوە شوێنی کچەکەی ئاشکرا کردووە، کە لە زیندانێکدایە لە شاری رووهای باکووری کوردستان.
 
کەمال چەتۆ، کە ئێستا لە ئوسترالیا دەژی، بە رووداوی گوت، کچەکەی دوو مانگە لە شاری رووها دەستبەسەرە و بۆ ئازادکردنی، تورکیا داوای نووسراوێکی فەرمی لە عێراقەوە دەکات.
 
باوکی ئاسیا دەڵێت، "تورکیا دەڵێت لاریمان نییە لە ئازادکردنی، بەڵام بەڵگەمان دەوێت لە عێراقەوە. ئاسیا دوو منداڵیشی لەگەڵدایە و تورکیا دەڵێت، دەبێت منداڵەکانیش ببەنەوە."
 
بە گوتەی کەمال چەتۆ، "ئاسیا سێ ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ چەند خێزانێکی دیکەی داعش چووەتە تورکیا."
 
باوکی ئاسیا بۆ سۆراخی کچەکەی چووەتە رووها و دەڵێت، "زیندانییەکە پڕ بوو لە خێزان و منداڵی داعش. چوومە باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە و پێم گوتن، تورکیا و بەڕێوەبەری زیندانەکە داوای نووسراوی بەغدا بۆ ئازادکردنی کچەکەم دەکەن."
 
بە گوتەی خۆی، وێڕای بەدواداچوون و هەوڵدانەکانی بۆ ئازادکردنی ئاسیای کچی، تاوەکو ئەمڕۆ بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتووە.
 
کەمال چەتۆ گوتی، "تکایە دەنگم بگەیێننە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی. تەنیا ئەو دەتوانێت دەردی ئێمە دەرمان بکات."
 
لە هێرشی داعشدا بۆسەر شنگال و دەوروبەری لە ئابی 2014، نزیکەی 5,000 ئێزدی کۆمەڵکوژ کران؛ هەروەها 6,417 کەسیش رفێندران.
 
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، لەو کوردە ئێزدییانەی رفێندران، تاوەکو ئەمڕۆ 3,577 کەسیان رزگارکراون و 2,840 کەسیان بێسەروشوێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی هەولێر

کەشناسی: پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا زۆرترین باران لە حاجی ئۆمەران باریوە کە 3.6 ملیمەترە. کەشناسێکیش دەڵێ، هەینی پلەی گەرما سێ پلە بەرز دەبێتەوە.