شارەوانیی تەقتەق: بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی ناحیەکە پێنج ملیار دینارمان پێویستە

22-09-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شارەوانیی تەقتەق دەڵێت، نەبوونی نەختینە گرفتی بۆ دروستکردوون و لە دوو ساڵی رابردوودا بە بەهای نزیکەی ملیاریك دینار پڕۆژەی خزمەتگوزارییان لە سنوورەکەدا جێبەجێکردووە. دەشڵێت، 94 کۆڵان و شەقامی ناحیەکە پێویستی بە چاککردنەوەیە و پێنج ملیار دیناریان پێویستە.
 
نەمر نیاز، میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، باسی کێشە و گرفتەکانی سنووری ناحیەی تەقتەقی سەر بە قەزای کۆیە کرد و گوتی، نەبوونی نەختینە گرفتی گەورەی بۆیان دروستکردووە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان، بەشێوەیەک لە دوو ساڵی رابردوودا بە بەهای 850 ملیۆن دینار، کاری کۆنکرێت و رێگەسازیی 13 کۆڵان و شەقامی نێو ناحیەکە جێبەجێکراوە.
 
بەگوتەی سەرۆکی شارەوانیی ناحیەکە، ئەوان گرفتی گەورەیان نەبوونی نەختینەیە و پێویستە وەزارەتی دارایی ئەو گرفتەیان بۆ چارەسەر بکات، چونکە بەوهۆیە ئێستا هیچ پڕۆژەیەکیان نییە لە جێبەجێکردندا بێت.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ساڵ چاوەڕوانی رەزامەندین بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی گرنگ لە ناوەندی ناحیەکە بە گوژمەی یەک ملیار و 850 ملیۆن دینار، لەوانە؛ جووتسایدی فولکەی پێشمەرگە بۆ دەروازەی شار، رێگەی نەخۆشخانەی کۆن بۆ رێگەی گەرمک لەگەڵ تێکەڵەڕێژکردن و رێگەسازیی چەند کۆڵانێکی نێو ناحیەکە.
 
ناحیەی تەقتەق سەر بە قەزای کۆیەیە لە پارێزگای هەولێر، ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 30 هەزار کەس دەبێت.
 
نەمر نیاز دەڵێت، "ئێستا 94 کۆڵانی ناحیەکە پێویستی بە ئاوەڕۆ و کۆنکرێتە، بۆ چارەسەرکردنی تەواوی ئەو گرفتانە بڕی پێنج ملیار دینارمان پێویستە."
 
لەبارەی تاپۆکردنی گەڕەکە زێدەڕۆکان، سەرۆکی شارەوانی دەڵێت، بەشی زۆری گەڕەکەکانی شارەکە زێدەڕۆن و ئەوەش گرفتە، بەڵام گرفتی سەرەکی ئەوەیە لە یاسای بەناوکردنی گەڕەکە زێدەڕۆکان، خەمڵاندنێکی زۆری داناوە و ئەوەش نیگەرانی خەڵکی لێکەوتەوە، چونکە 35٪ـی نرخی خەمڵێندراوی دیاری کردبوو.
 
نەمر نیاز باسی گرفتی کەمیی فەرمانبەر لە فەرمانگەکەی دەکات و دەڵێت، داواکارین ئەنجوومەنی وەزیران کارمەندی نوێمان بۆ دابمەزرێنێت بەشێوەی گرێبەست، چونکە بەردەوام فەرمانبەرە بەتەمەنەکان خانەنشین دەبن و گرفت بۆ کارەکانی ئێمە دروست دەبێت.
 
ناحیەی تەقتەق دەکەوێتە باشووری قەزای کۆیە لەسەر رووباری زێی بچووک و ناوچەیەکی گەشتیارییە. سەرۆکی شارەوانیی ناحیەکە داوا لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەکات گرفتی پردی تەقتەق چارەسەر بکات، چونکە چاککردنەوەی پردەکە لە پسپۆڕی ئەوان نییە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە