رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی کەرکووک کوژرانی کارمەندێکی خۆی لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری راگەیاند کە ئەمشەو لە نێو یەکێک لە گەڕەکەکانی کەرکووک کراوەتە ئامانج.
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمشەو دوو چەکداری دەمامکدار بە ماتۆڕسکیل هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی کارمەندێکی پۆلیس و لەنێو ماڵەکەی خۆیدا کوشتوویانە، پاشان بەرەو شوێنیکی نادیار هەڵاتوون."
عامر نووری دەڵێت، پۆلیسەکە ناوی (زیا حوسێن عەلی)ـیە و لە دایکبووی 1971ـە، پلەی مفەوەز بووە و لە بنکەی پۆلیسی ریاز دەوامی کردووە. ئەمشەو لە دوای گەڕانەوە بۆ ماڵەکەی، چەکدارەکان هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵەکەی و بە گولـلە کوشتوویانە.
عامر نووری ئاماژە بەوە دەکات، پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە و گوتە لە هەندێک کەسی نزیک لە کوژراوەکە وەرگیراوە. بەپێی گێڕانەوەکان بێت، پۆلیسەکە لەلایەن خزمی خۆیەوە کوژراوە وەکو تۆڵەیەک لە بری ئەوەی ژنی بەسەر کچەکەیان هێناوە.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، ئەو کەسەی کوژراوە، چوار جار ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، دوایین ژنیشی پێش دوو هەفتە گواستووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ