رووداو - سلێمانی
ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە دووكانە ئەنتیكەكەی بورهان چۆڵە، چونكە هاونیشتمانیانی باشووری كوردستان كەمتر پارە لە كڕینی ئەنتیكە خەرج دەكەن، بەڵام ماوەی ساڵێكیشە كڕیارانی وڵاتی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان بە رێگەی ئەو بازاڕە ئاشنا بوون و، مانگانە رووی تێدەکەن و كەلوپەلی ئەنتیكە لەگەڵ خۆیاندا دەبەنەوە.
بورهان، خاوەن دووكانی ئەنتیكەیە لە سلێمانی و دەڵێ "ئەم كەلوپەلە ئەنتیكانە لە وڵاتانی دەرەوە دەهێنرێنە ئێرە، بەڵام ماوەیەكی زۆرە بەهۆی قەیرانی داراییەوە فرۆشمان زۆر زۆر كەمبووەتەوە، بە جۆرێك كڕیامان لە دانە و دووان تێناپەرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا ئێرانییەكان بوونەتە هۆی بوژانەوەی بازاڕەكەمان. ئەوان پارەی چاكی پێدەدەن و، لێرەوە بە قاچاخ دەیبەنەوە. ئێستا ئەنتیكە نرخی وەكو پێشتر نییە، بۆ نموونە ئەم رادیۆیە پێشتر بە 200 دۆلار بوو، ئێستا بووەتە 100 دۆلار، ئیدی دەبێت ئێمەش لەگەڵ دۆخەكەدا پارەكەی بگونجێنین".
خواستی زۆر لەسەر كەلوپەلی ئەنتیكە لە وڵاتی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان، وایكردووە كڕیارانی گوێ بە نرخ نەدەن و، بە قاچاخ ئەم كەلوپەلە ئەنتیكانە لەگەڵ خۆیاندا ببەنەوە، ئەمەش دووبارە جوڵەی خستووەتەوە نێو بازاڕەكە.
عەلی رەزا، كڕیارێکی ئێرانییە و دەڵێ "زۆرتر سەردانی هەولێر و سلێمانی دەكەم، چونكە هاتنی من بۆ ئێرە گرنگە. مانگانە دوو بۆ سێ جار دێم. من دووكانی ئەنتیكە و جوانكاریم هەیە، كە دێمە سلێمانی، لەم پارچانە ورددەبمەوە و دەیانبەمەوە ئێران، هەندێكیان بۆ خۆم و هەندێكی دیكەیان بۆ فرۆشتنە بەوانەی عاشقی ئەم پارچانەن و دەیانكڕن. نرخ لێرە نە گرانە و نە هەرزانە، بۆ ئێمە گونجاوە، لەبەرئەوەی ئەمانە لە بنچینەدا ئەوروپین و لەوێوە دەهێنرێن".
هەندێك لە هاونیشتمانیانی باشووری كوردستان بۆ سەیرکردنی پارچە ئەنتیكەكان، روو لەم بازارڕ دەكەن و، بەداوی پارچە ئەنتیكێكدا دەگەڕێن كە كەمترین نرخی هەبێت.
هەوار محەممەد، یەکێکە لەو هاونیشتمانیانە و دەڵێ "من، لە كەركووكەوە هاتووم. هەركاتێك بێمە ئێرە، سەردانی ئەم بازاڕە دەكەم و دەمەوێت شتێك بكڕم كە سەرنجم رابكێشێت، بەڵام نرخەكانیان زۆر بەرزە، زۆرجار تەنیا بۆ تەماشاكردن دێم، ئەوەی ئێستا بمەوێت بیكڕم تەنیا دەتوانم 25 هەزار دیناری پێبدەم".
بەشێك لەم پارچە ئەنتیكانە لە وڵاتانی هۆڵەندا، ئەڵمانیا و بەریتانیا هاوردەی باشووری كوردستان دەكرێن، مێژووەكەیان لەنێوان 50 تاوەكو 100 ساڵدایە و، نرخەكانیشیان لە 50 دۆلار دەست پێدەكات تاوەكو 1000 دۆلار، بەشێكی دیكەیان كەلوپەلی ئەنتیكەی ناوخۆن و هاونیشتمانیان لەبەرامبەر برێك پارەدا، دەیفرۆشنەوە.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ