حیزبەکانی رۆژهەڵات کار لەسەر نەخشەڕێگەیەکی هاوبەش دەکەن

23-08-2017
شادیە رەسول
پێشمەرگەکانی رۆژهەڵات لەسەر سنوور هاوئاهەنگییان هەیە
پێشمەرگەکانی رۆژهەڵات لەسەر سنوور هاوئاهەنگییان هەیە
نیشانەکردن حدکا حدک
A+ A-

رووداو - سلێمانی

بڕیارە سەرکردایەتیی ژمارەیەک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جموجۆڵ و هەڕەشەکانی ئێران کۆببنەوە. حیزبی دیموکراتی کوردستان داوا لە حیزبەکانی دیکە دەکات بۆ ئەو مەبەستە، نەخشەڕێگەیەکی هاوبەش دابنێن. 

سۆران نووری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حدک لە سلێمانی دەڵێت "ئێمە ئەم ماوەیە هەماهەنگی زۆرمان لەگەڵ حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هەبووە. داواشمانكردووە كە دانیشیتنەكانمان زیاتر بكەین بۆ ئەوەی بتوانین هەماهەنگی زیاتر بكەین، بە تایبەت لە سنوورەكان كە چوار حیزبی رۆژهەڵاتی كوردستان لەوێ‌ هێزمان هەیە و خەریكی كاروباری خۆمانین، هەماهەنگییەكانمان لەوێ‌ زیاترن".

پێشتریش چەندینجار هەوڵدراوە لیژنەیەکی هاوبەشی ئەمنی و سەربازی لەنێوان ئەو حیزبانە پێکبهێنرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکییە نێوخۆییەکانیان، شکستی هێناوە. 

حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، هەڕەشەکانی سوپای پاسداران تازە نییە و کاریگەری لەسەر جموجۆڵ و چالاکییەکانی ئەوان نابێت، بەڵام بە گرنگ وەریاندەگرن و وڵاتانی جیهان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیان لێی ئاگادار کردووەتەوە.

تاهیر مەحموودی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حدکا لە سلێمانی دەڵێت "لە زاری بەرپرسانی ئێرانەوە دەیانجار راگەیێندراوە كە هێرش دەكەنە سەر بنكە و بارەگاكانمان، ئەوەش لە راگەیاندنی فەرمی كۆماری ئیسلامیدا باس كراوە، ئێمە هیز و لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دانیشتنی بەردەواممان بە یەكەوە هەیە، كۆدەنگیمان لەسەر زۆر پرس هەیە بەڵام دەشێ‌ جیاوازی لێكدرانەوە و بۆچوونمان هەبێت".

لە ساڵی رابردووەوە ژمارەیەک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چەندین چالاکی و هەڵوێستی هاوبەشیان هەبووە. بەشێک لەوان کە پێشمەرگەیان لە ناوچە سنوورییەکانە، لەڕووی ئەمنی و سەربازیشەوە هاوکاری یەکدی دەکەن، بەڵام پەرەپێدانی هاوکارییەکانیان لەو بارەوە لەسەر رێککەوتنی سیاسی پەکی کەوتووە.

عەبدوڵلا ئازەربار، بەرپرسی کۆمیسیۆنی سەربازی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ دەڵێت "جێگەی داخە تاوەكو ئێستاش ئێمە لەباری سەربازییەوە هێشتا وەكو خاوەنی لیژنەیەكی هاوبەش و هاوئاهەنگ نین، پێویستە ئەو هێزانەی كە خاوەنی پێشمەرگەن، لە ئاستی باڵادا لیژنەیەكی هاوئاهەنگی و  فەرماندەییان هەبێت".

سەرەداوی رێکنەکەوتنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندی بە هەموویانەوە هەیە، بۆ ناکۆکی نێوخۆیی و لێکترازانەکانی نێو حیزبەکان دەگەڕێتەوە. زۆربەیان پێیانوایە تاوەکو ئەو کێشەیە بەتایبەت لەنێو کۆمەڵە و دیموکراتەکاندا چارەسەر نەکرێت، گەیشتن بە رێککەوتنی راستەقینە و بەردەوام، ئەگەریش مەحاڵ نەبێ، ئاستەمە.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە