رووداو-هەولێر
نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان دەڵێت "حیزبەكان لێناگەڕێن سەبەخۆ بین و هەموویان دەست لە كاروبارمان وەردەدەن". ئاماژە بەوەش دەكات "خودی نەقیبی سەندیكاش بە تەوافوقی سیاسی دانراوە".
ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بەشداریی بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تەلەفزیۆنی (رووداو)ی كردو رایگەیاند "لەماوەی رابردوودا لەگەڵ سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی پەرلەمان و وەزیری ناوخۆ كۆبوونەوەمان كردووە، بگرە لە كۆنفرانسێكدا پرۆتۆكۆلیشمان لەگەڵ هێزەكانی ناوخۆ واژوو كردووە كە هەندێك لێپێچینەوە هەن بكرێن".
ئاماژەی بەو لێپێچینەوانە كرد كە داوایان كردووە بكرێن و گوتی "بوونی یەلەگی تایبەتی بۆ رۆژنامەنووسان، كردنەوەی وۆركشۆپی تایبەت بە رۆژنامەنووسان، دەركردنی هەندێك راسپاردە و رێنمایی بۆ هێزەكانی ناوخۆ".
گوتیشی "لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان و ئەنجوومەنی دادوەری عێراق دانیشتین و گفتوگۆمان لەوە كرد دادگایەكی تایبەتی بە رۆژنامەنووسان درووست بكرێت".
سەبارەت بە هۆكاری جیاكردنەوەی دادگای رۆژنامەنووسان، نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ئەوەی خستەڕوو "كە پێمانوایە هەبوونی ئەو دادگایە هاوكاریی ئێمە وەك سەندیكا دەكات، هاوكات بنكەی پۆلیسی تایبەت بە خۆی دەبێ بۆ چارەسەری كەیسەكان و مامەڵەی رۆژانەی لەگەڵ رۆژنامەنووسان دەبێت بە شێوەیەكی تایبەتی".
سەبارەت بە یاسای رۆژنامەگەری ژمارەی 35 ساڵی 2007 كە تایبەتە بە كاری رۆژنامەنووسی ئاماژەی بەوەدا " "ئەو یاسایە هەموو شتێكی چارەسەر نەكردووە". گوتیشی "تاوەكو ئێستا یاسایەكمان نییە بۆ رادیۆ و تەلەفیزیۆن، رۆژنامەنووسی ئەلیكترۆنی، یاسایەكمان نییە بۆ خاوەنداری فیكری،لە كاتێكدا دەبێ هەموو ئەوانە یاسای خۆیان هەبێت".
ئازاد حەمەدەمین گوتیشی "یاسا كوڕی رۆژی خۆیەتی، هیچ یاسایەك نییە بەكەڵكی هەموو سەردەمێك بێت، لەگەڵ لایەنە ئەرێنییەكانی، پێویست دەكات هەموار بكرێتەوە".
سەبارەت بە پێداچوونەوە ژمارەی ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان گوتی "كار دەكەین بۆ كەمكردنەوەی ئەندامانی سەندیكا و لە ماوەی 4 مانگی داهاتوودا ژمارەی ئەندامانی كارا دەكەینە نزیكەی 3 هەزار ئەندام و تێپەڕ ناكات، چونكە دەبێ رۆژنامەنووسی كارا پێناسەی كارایی پیشەكەی بەسەردا بسەپێ كە تەنیا كاری رۆژنامەنووسی دەكات".
ئاشكراشی كرد، كە بەشێك لە ئەندامانی ئەنجوومەنیان هەیە فەرمانبەرە و تەنیا پیشەی رۆژنامەنووس نییە "خودی نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانیش بە تەوافوقی سیاسی دانراون".
ئاماژەی بەوەشكرد "لەمەو دوا ئەو كەسەی دەبێتە ئەندامی كارای سەندیكا دەبێ بەڵێننامەیەك لەلایەن دادوەرەوە بێنێت كە هیچ وەزیفەیەكی حكومی نییە، پێویستیش دەكات لەو دەزگایەی كاری تێدا دەكات گرێبەستە واژووكراوەكەی نێوان خۆی و دەزگاكە بێنێت و ئێمە وەك سەندیكا پەسەندی بكەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ