رووداو دیجیتاڵ
کۆنگرێسی ئەمریکا کار لەسەر پێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا مادەک لە چوارچێوەی تاوتوێکردنی بودجەی بەرگری بۆ ساڵی 2024 تێپەڕێندرا.
مادەکە لەلایەن دۆن بەیکن، کۆنگرێسمانی کۆمارییەکان خراوەتە دەنگدان و لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە دەنگی زۆرینە پەسند کرا.
بەیکن بە میدیای بەریتانیی گوتووە، پێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە پێشمەرگە پاڵپشتی بەهێزی دوو پارتی دەسەڵاتداری ئەمریکای هەیە، بەڵام پێویستە کۆنگرێسی ئەمریکا بە هەردوو ئەنجوومی نوێنەران و پیرانیشەوە هەنگاوەکە پەسند بکەن.
ئەو کۆنگرێسمانە گوتیشی، داوا لە ئیدارەی ئەمریکا دەکات پلانێکی کار ئامادە و جێبەجێ بکات بۆئەوەی مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بکەن تاوەکو بتوانن لە دژی 'مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی' بەرگری لە خۆیان بکەن.
میدیای رۆژئاوا دەڵێت، هەوڵی ئەندامانی کۆنگرێس بۆ پێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە هێزەکانی پێشمەرگە لە کاتێکدایە، هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێران و تورکیا بووەتەوە.
رۆژی 28ی ئەیلوولی 2022 سوپای پاسداران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر قەڵای دیموکرات و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئەنجامدا 18 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 کەسیش برینداربوون، بەهۆی هێرشەکانەوە 700 خێزان ئاوارەی ناو شاری کۆیە و دەوروبەری بوون.
رۆژی 13-03-2022 ئێران بە مووشەک هێرشی کردە سەر هەولێر. هەر زوو سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە گوتی، هێرشەکە ئەوان بوون و لە رێگەی 12 مووشەکی بالیستییەوە ئەنجامیان داوە. بیانوویان بۆ هێرشەکە ئەوەبوو کە بنکەی ئیسرائیلییان کردووەتە ئامانج، بەڵام بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەیان رەتکردەوە و ئەو ماڵەی کە کرابووە ئامانجیش، ماڵی شێخ باز کەریم، سەرمایەداری کورد بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ