رووداو - سلێمانی
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆی سلێمانی راگەیاند، کاژێر 05:00ـی ئەم بەیانییە هونەرمەندی دیاری شاری سلێمانی و باشووری کوردستان عەتا چاوشین دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد.
رۆژی چوارشەممە 2020/06/17 هونەرمەند عەتا چاوشین تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو و ئەو کات جەزاکەریم، ناسراو بە جەزای ساز، سەرۆکی کۆمەڵەی هونەری میلـلی بە رووداوی گوت، "داوادەکەین فریای ئەو هونەرمەندە بکەون، تەندروستیی زۆر ناجێگیرە و پێویستی بە پلازمای خوێنە".
لە پارێزگای سلێمانی هەریەکە لە هونەرمەندان، یاسین قادر بەرزنجی، ئازادی مەحموودە فەندی، تاهیر عەبدوڵڵا و نەرمین کاوانی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
هونەرمەند عەتا چاوشین لە ساڵانی 80ی سەدەی رابردوودا دەستی بە کاری هونەری کردووە، زیاتر لە 35 ساڵە بەردەوامە و چەندین بەرهەمی گۆرانیی هەیە. یەکەم گۆرانی کە پێی ناسرا گۆرانیی "هۆ غەریب مەڕۆ" بوو.
بەرپرسانی تەندروستی و ئیداریی پارێزگای سلێمانی چەند رۆژێکە داوادەکەن، ئەو تووشبووانەی کۆرۆنا کە چاکبوونەتەوە بچن پلازمای خوێنیان ببەخشن بۆئەوەی بۆ چارەسەرکردنی تووشبووەکانی دیکە بەکاربهێنرێت.
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 865 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە هەزار و 392 تووشبوو چاکبوونەتەوە و 111 کەسیش دوای تووشبوونیان گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ