گالەری

رووداو دیجیتاڵ
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 22-4-2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە سەردانێک گەیشتە فڕۆکەخانەی هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندێکی باڵاوە پێشوازی لێکرا.
 
لە پاش ناساندنی شاندەکەی هەرێمی کوردستان بە ئەردۆغان و وچانێکی کورت لە بەشی پێشوازیی فڕۆکەخانە، سەرۆککۆماری تورکیا بە یاوەری نێچیرڤان بارزانی بەرەو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەڕێکەوت.
 
سەردانەکەی ئەردۆغان لە پاش 13 ساڵ دێت؛ دوایین جار کە سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد لە ساڵی 2011 بوو.
 
ئەردۆغان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتە بەغدا، لەگەڵ هەریەک لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە.
 
بە سەرپەرشتی ئەردۆغان و سوودانی، 26 یاداشت و رێککەوتن لەنێوان عێراق و تورکیا واژۆ کران، کە خۆیان لە بوارەکانی ئاسایش، بازرگانی، ئاو، رێگەی گەشەپێدان و چەند بوارێکی دیکە دەبیننەوە.