prev
next
رووداو دیجیتاڵ
لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا سەنتەری تایبەت بە شیاندنەوەی بەکارهێنەرانی هۆشبەر کراوەتەوە. بە گوتەی بەرپرسانی پەیوەندیدار، زۆرترین بەکارهێنەر لە سلێمانی شیاندنەوەیان بۆ کراوە، دواتر دهۆک و پاشان هەولێر.
دێبەر محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازی گەورانی سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە شیاندنەوەی ئالوودەبووانی هۆشبەردا کەسەکان دەبرێنە سەنتەرەکان و چوار مانگ کاریان لەسەر دەکرێت. لەو ماوەیەدا هەفتانە دوو جار سەمیناری دەروونییان پێشکیش دەکرێت و چارەسەری سرووشتییان پێ دەدرێت."
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازی گەورانی سلێمانی دەڵێ، بەگوێرەی نوێترین ئاماریان، "لە مانگی دووی 2023 بۆ مانگی 11ی ساڵی رابردوو، نزیکەی 100 حوکمدراو لە سەنتەری شیانەوە وەرگیراون و لە شەش گرووپدا بۆ چوار مانگ چارەسەرییان بۆ کراوە."
دێبەر محەممەد گوتی، "لەو 100 کەسەی شیاندنەوەیان بۆ کراوە، لەشیان بە تەواوی لە هۆشبەر پاککراوەتەوە و دەتوانن وەک هەر مرۆڤێکی ئاسایی تێکەڵی کۆمەڵگە بکرێنەوە."
لەبارەی چاکسازییەکانی دیکەوە، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە چاکسازی گەورانی دهۆک لە کۆی 198 بەکارهێنەر 78 یان لە رێگەی سەنتەری شیانەوەوە چارەسەر بوون."
لەبارەی هەولێریشەوە ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتی، "سەنتەری شیانەوە لە چاکسازی گەورانی هەولێر ئەم ساڵ کراوەتەوە و نوێیە، بۆیە تاوەکو ئەمڕۆ 25 حوکمدراوی هۆشبەر چارەسەریان وەرگرتووە."
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان ئاماژەی بەوە کرد، سەنتەرەکان فۆرمی چاوپێکەوتنی تایبەت بەکاردەهێنن بۆ هەڵسەنگاندنی سەرەتایی هەر بەکارهێنەر و ئالودەبوویەکی مادەی هۆشبەر بۆ ئەوەی بخرێتە نێو پڕۆگرامی چارەسەری و شیاندنەوەوە.
هەموو ئەو کەسانەی بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە حوکمدراون، مافیان هەیە لە پڕۆگرامی سەنتەرەکەدا بەشداری بکەن بۆ ئاساییکردنەوەی ژیانیان، تەنیا مەرج ئەوەیە پێشتر بەشداری نەکردبێت و هەر کەسێک مافی هەیە یەک جار بەشدار بێت.
ئەو ئالوودەبووەی شیاندنەوەی بۆ دەکرێت، هەر باشییەکی هەبێت دەچێتە دۆسیەکەیەوە و کاریگەریی لەسەر حوکمەکەی دەبێت و ئازادبوونی بە مەرج دەیگرێتەوە، چونکە هەوڵی چارەسەر و گەڕانەوەی بۆ نێو کۆمەڵگە داوە، ئەوەش بە گوتەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازی گەورانی سلێمانی بۆ رووداو.
جاروبار دەگوترێت، ئەوانەی بە تاوانی دیکەش حوکم دەدرێن لە چاکسازییەکان هۆشبەریان دەست دەکەوێت و بەشێکیان لەوێ ئالوودە دەبن. لەو بارەیەوە دێبەر محەممەد گوتی، "بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لە پاکیی حوکمدراوان، لە ماوەکانی رابردوودا پشکنینمان بۆ 200 سزادراو کرد و دەرکەوت هەموویان پاکن و بەکارهێنەری هۆشبەر نین، بۆیە رەتیدەکەینەوە هیچ کەسێک لە چاکسازی هۆشبەری دەستکەوێت و بەکاری بهێنێت."
لە هەرێمی کوردستان شەش چاکسازیی هەن؛ دوو لە هەولێر، دوو لە سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە دهۆکن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ