وەهاب هەڵەبجەیی بەشداریی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی 9 ئەندامەکەی دژەتیرۆری هەسەدە دەکات

22-03-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، تەرمی ئەو 9 ئەندامەی یەکینەی دژەتیرۆری هەسەدە بەخاکسپپێردرا کە لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی دوو هێلیکۆپتەرەکە لە سنووری پارێزگای دهۆک گیانیان لەدەستدابوو. 
 
رۆژی چوارشەممە، 22-3-2023 لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان رێوڕەسمێک بۆ پێشوازیکردن لە تەرمی 9 ئەندامەکەی یەکینەی دژەتیرۆری هەسەدە رێکخرا.
 
رێوڕەسمەکە کاژێر 11:00 لەبەردەم نەخۆشخانەی شەهید ساریا لە گەڕەکی غوێرانەوە دەستیپێکرد و دواتر تەرمەکان برانە یاریگەی سەردەم و پاشان لە گۆڕستان بە خاک سپێردران.
 
لە رێوڕەسمەکەدا لە یاریگەی سەردەم، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە و چەند بەرپرسێکی دیکەی هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئامادە بوون. هەر لە رێوڕەسمەکەدا وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی بەشداربوو.
 
رۆژی چوارشەممەی رابردوو 15ی ئادار، لە نزیک گوندی بێرکیات لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک پاشماوەی هێلیکۆپتەرێکی تێکشکاو دۆزرایەوە. دوو رۆژ دواتر هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، "دوو هێلیکۆپتەر بوون و نۆ شەڕڤانمان شەهید بوون." 
 
هەسەدە گوتی، ئەو دوو هێلیکۆپتەرە لە کاتی گواستنەوەی هێزێکی دژەتیرۆری سەر بە ئەوان لە کاتێکدا لە رێگەدا بوون بۆ شاری سلێمانی، لە سنووری پارێزگای دهۆک بەهۆی "نالەباری کەشوهەوا" تێکشکاون.
 
ناسنامەی ئەو کەسانەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدابوو بەمشێوەیە لەلایەن هەسەدە راگەیێندرا: (هۆگر دێرک، شەڕڤان کۆبانێ، کۆچەر دێرک، خەبات دربێسیێ، فاراشین باران، رۆژەنگ رەفات، دیدار دێرک، دۆغان عەفری و هاروون رۆژاڤا). شەڕڤان کۆبانێ فەرماندەی هێزەکانی دژە تیرۆری رۆژئاوای کوردستان بوو.
 
دوای رووداوەکە، تەرمەکان برانە داد پزیشیکیی دهۆک و لەوێوە گەڕێندرانەوە رۆژئاوای کوردستان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە