بەردێکی گەورە لە چیای بەرانان کەوتە خوارەوە و دیواری راگری تونێلی دەربەندیخانی رووخاند

22-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای دەربەندیخان دەڵێت، بەردێکی گەورە لە چیای سەر تونێلی دەربەندیخان کەوتووەتە خوارەوە و دیواری بەردەم تونێلەکەی رووخاندووە.
 
سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت، "پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی بارانبارینەوە بەردێکی گەورە لە دیوی دەربەندیخانەوە لە چیای بەرانان کەوتووە و دیواری بەردەم تونێلەکەی رووخاندووە و ئاستەنگی هاتووچۆی دروستکردووە."
 
قایمقامی دەربەندیخان گوتی، رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە و تیمەکان چوونەتە شوێنەکە بۆ کردنەوەی رێگەکە.
 
هەر ئەمڕۆ لە دیوەکەی دیکەی تونێلەکەوە، بەهۆی تانکەرێکەوە، بۆ ماوەیەک رێگەی تونێلەکە داخرا و دواتر بە رووی شوفێراندا کرایەوە.
 
تونێلی دەربەندیخان لە ساڵی 1954 لەلایەن دوو کۆمپانیای ئیتاڵی و فەرەنسییەوە دروستکراوە و درێژییەکەی نزیکەی 800 مەترە. جگە لە قەزای دەربەندیخان، قەزا و ناحییەکانی ئیدارەی گەرمیان، قەزای خانەقین و ناحیەی گوڵاڵەش بە سلێمانەوە دەبەستێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە