رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سبەی لە سەنتەری شارەکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و کەرکووک بەفر دەبارێت.
رۆژی شەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت؛ لە رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی بەفر و بارانی کەم".
لەبارەی کەشوهەوای سبەی، کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بەفر لە زۆربەی ناوچە بەرزەکانی رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان بەشێوەی پچڕ پچڕ دەبارێت. بەفر لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەبارێت؛ هەروەها بەفرێکی کەم لە سەنتەری پارێزگای هەولێر و کەرکووکیش دەبارێت".
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەفربارینەکە جگە لە سەنتەری شارەکان، قەزا و ناحیەکانی سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سۆران دەگرێتەوە".
ئەو کەشناسە گوتی: "بەفربارینی هەولێر و کەرکووک کەم دەبێت لەشێوەی کڕێوە، دۆخی کەشوهەواش تاوەکو چوارشەممە بەو شێوەیە دەمێنێتەوە".
بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ، پلەی گەرما نزیکەی سێ پلە دادەبەزێت و سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ دوو بۆ چوار پلەی دیکە دادەبەزێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی یەکشەممە بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر؛ 6 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 2 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 4 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 5 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 3 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 7 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 7 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ