رووداو دیجیتاڵ
17 هونەرمەندی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکەن لە رۆژی 8 ـی مارسدا کە رۆژی جیهانیی ژنانە، لەڕێگەی 20 تابلۆوە ماف و ئازارەکانیان پێشان بدەن.
لە هەولێر سیمپۆزیۆمێک بۆ ماوەی سێ رۆژ وەکو راهێنان و ئامادەکاری بۆ ئەو هونەرمەندانە رێکخراوە، کە 10 پیاو و 7 ژنن لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانەوە بەشدارییان کردووە.
سیمپۆزیۆمەکە لەچوارچێوەی چالاکییەکانی 'پڕۆژەی هێلان'دایە، فێرگەی فرێمینگ ئەرکی بەڕێوەبردنەکەی لە ئەستۆ گرتووە.
سەفین حەمید، بەڕێوەبەری فێرگەی فرێمینگ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە پرۆژەکەدا ژمارەیەک هونەرمەندی هەرێمی کوردستانمان کۆکردووەتەوە، ئەمجارەش پرسی ئافرەتانمان هەڵبژارد، چونکە نزیکین لە رۆژی 8ـی مارس، لەو رۆژەدا ژمارەیەک تابلۆ نماییش دەکرێن."
بەڕێوەبەری ئەو فێرگەیە دەڵێت، لەماوەی سێ رۆژی سیمپۆزیۆمەکە هونەرمەندان بیروڕای خۆیان لەبارەی کارەکانیان دەگۆڕنەوە، سەرنج و تێبینییەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن، ئەمەش "هەنگاوێکی باشە بۆ پێشڤەچوونی هونەر."
هێلان پرۆژەیەکی هونەرییە، لەلایەن هونەرمەندانی گەنج و بەهرەمەندانەوە گرنگی بە چالاکییە کولتووری و هونەرییەکان دەدرێت و بەرهەمەکانیان پێشکێش دەکرێن.
ئەو پرۆژەیە لەلایەن پەیمانگەی (گۆتەی ئەڵمانی لە عێراق)، بە هاوئاهەنگی فێرگەی فرێمینگ بۆ وێنەی رۆژنامەڤانی و سێڤ گەلەری بەڕێوەدەچێت.