رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە دەردەکەوێت، کارگەیەکی دروستکردنی کۆنکرێتە لە شاری دهۆک. نیوەی بەرهەمی کارگەکە بۆ نێوخۆیە و ئەوەی دیکەی بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراقە، بەڵام زیاتر لە مانگێکە رێگە بە هەناردەی بەرهەکانیان بۆ خوارووی عێراق نادرێت.
ئیحسان ئەحمەد، خاوەنی کارگەکەیە و باس لەوە دەکات، "بۆ ئێمە ئاسان نییە بڵێین بۆ دوو مانگ دەرگەی کارگەکانی خۆمان دادەخەین تاوەکو کێشەکە چارەسەر دەبێت. نەخێر، کارمەندەکانمان پەرش و بڵاودەبن، ئامێرەکان دەوەستن و زەرەرمەند دەبین. ئێمە رێککەوتنمان لەگەڵ پرۆژەکان هەیە و تووشی کێشەی یاسایی دەبینەوە."
پێنج مانگە حکومەتی عێراق لە خاڵی پشکنینی بەنداوی موسڵ، رێگە بە دەربازبوونی بەرهەمی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان نادات. پێشتر زیاتر لە 50٪ـی مریشکی پەلەوەرخانەکانی کوردستان بۆ پارێزگەکانی عێراق دەچوون. بەجۆرێک تەنیا لە دهۆک، 150 هەزار مریشک هەناردە دەکران.
رەمەزان شەرەفانی، خاوەن پەلەوەرخانەیەکە و لەبارەی راگرتنی هەناردەی مریشک بۆ پارێزگاکانی عێراق باس لەوە دەکات، "ئێمە 500 هەزار مریشکمان هەبوو، ئێستا ناتوانین 100 هەزاریش بەخێو بکەین. بە هەموو شێوەیەک زیانمان بەرکەوتووە، لە جووتیاران بگرە تاوەکو خاوەنی پەلەوەرخانە، دەرمانفرۆش و کرێکاران."
بەغدا 8 مەرجی بۆ تۆمارکردنی کارگەکان داناوە، لەنێویاندا، دۆزینەوەی لیژنەی تەکنیکی، پشکنینی تاقیگەی هەمەجۆر، لۆگۆ و نیشانەی بازرگانیی تەندروستی و چەند مەرجێکی دیکە. هەندێک کارگە مامەڵەکانیان تەواو کردوون، بەڵام هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە.
شوکری جەمیل، سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک لەبارەی چارەسەری کێشەکان دەڵێت، "لە دوایین کۆبوونەوەمان لەگەڵ هەموو 18 ژووری بازرگانیی عێراق، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە ئەم بابەتە سیاسییە و بە رێگەی ئێمە چارەسەر نابێت."
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە هەرێمی کوردستان دوو هەزار و 265 کارگە هەن، جگە لە نێوخۆ بەرهەمەکانیان بۆ خوارو نێوەڕاستی عێراق دەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ