رووداو دیجیتاڵ
جووتیارێکی کورد، بۆ پاراستنی زەوییەکانی خۆی و گوندەکەی، 7 ساڵ بە خۆپێشاندان، ناڕەزایی و هەڵکردنی خێوەت، لە دژی سوپای عێراق و عەرەبی هاوردە وەستاوەتەوە. دوای پەسندکردنی پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان، هاتوەتە سەر زەوییەکەی و بەبێ ترس کشتوکاڵ دەکات.
ساتح ناسیح، ئەو جووتیارەی گوندی تۆبزاوایە و دەڵێت، "من ئەمرۆ هەست دەکەم زەوییەکەم گەڕاوەتەوە، وێڕای ئەوەی هێشتا تاپۆ کۆنەکە کاری پێدەکرێت، بەڵام بەو پێیەی پرۆژەیاساکە پەسەند کرا و بڕیارەکانی بەعس هەڵوەشێنرانەوە، ئێستا هەست دەکەم زەوییەکە پشتگیرییە یاساییەکەی نوێ بووەتەوە و چیدیکە کەس ناتوانێت بێتە سەر زەوییەکەم، چونکە زەوی گەڕایەوە بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانی."
لە سنووری سەرگەڕان، دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا، شایی و خۆشی دەربڕینی جووتیارانی کورد، لە هەموو گوندەکان دەبیسترا و گوتافی سەرکەوتنیان بەسەر تەعریب دەگووتەوە.
محەممەد ئیسماعیل، جووتیاریکی دیکەیە لە گوندی سەربەشاخ و باس لەوە دەکات، "ئەو یاسایە هەڵوەشایەوە کە کاتی خۆی زەوییان پێ لە ئێمە سەندەوە، خۆشبەختانە ئەمڕۆ جووتیارانی کورد لە هەموو ناوچە دابڕاوەکان خۆشحاڵن بەوەی ئەو زوڵمەی پەنجا ساڵ لە سەریان بوو هەڵوەشاوەتەوە و ئێستا ئەم یاسا نوێیە بووەتە چەکێک تا بەرگری لە خۆمان بکەین."
هاوشێوەی کورد، تورکمانەکانی کەرکووکیش، پیرۆزبایی گەڕانەوەی زەوییەکانیان لە یەکتر دەکرد و دەیانگوت، هەنگاوی داهاتووشیان لەگەڵ کورد بۆ جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان دەبێت.
غەریب عەسکەر، بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەڵێت، "ئێمە وەکو لایەنی چاودێری، چاودێریی ئەم دۆسیەیە دەکەین کە یاسا دەنگی لەسەر داوە و لە وەزارەتەکانی داد، کشتوکاڵ، نەوت و بەرگری بەدواداچوون دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ئەو بریارانەی دەنگی لەسەر دراوە."
یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان، ئەو گرێبەستانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە لەسەردەمی بەعس زەوی کوردەکانی پێ دابوویە عەرەب.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ