رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 10 هەزار دەرچووە یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان بایۆمەترییان کردووە. فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، "تەنیا ماوە بەغدا پارەکە خەرج بکات."
ئەمڕۆ (چوارشەممە 22ـی کانوونی دووەمی 2025) د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان، رێکارە کارگێڕییەکانمان تەواو کردوون و زیاتر لە 10 هەزار دەرچوو بایۆمەترییان کردووە."
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی، "ئێمە رێکارە کارگێرییەکانمان کردووە، دوای رەوانەکردنی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی راژەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆبووەتەوە بۆ تەرخانکردنی بڕە بودجەیەک بۆ دامەزراندنیان."
بە گوتەی د. توانا نەجەف، "لەسەر ئەوە وەستاون عێراق پارەکەی دابین بکات، چونکە هەموو کارەکان لە هەرێمی کوردستان تەواوبوون."
08ـی ئایاری 2024، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوی ژمارە (8538) داوای لە گشت زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، لە ماوەی پێنج رۆژدا لیستی ناوی سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی بەش لە کۆلیژ و پەیمانگەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە دەرچووانی (2017-2018) تاوەکو (2022 -2023) بەپێی خشتەی دیاریکراو بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا بنێرن.
سێ یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017 – 2018 تاوەکو 2023- 2024، ژمارەیان زیاتر لە 10 هەزار دەرچووە و بەشێکی دانیشتووی ناوچەکانى دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ