وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: هەر خێزانێک منداڵەکەی بە زۆر بنێرێتە شەقام دەدرێتە دادگە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەر خێزانێک بە زۆر منداڵەکەی بنێرێتە شەقام بۆ کارکردن، دەدرێتە دادگە.
 
ئەمڕۆ شەممە، 21ی کانوونی یەکەمی 2024، ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کارکردنی منداڵان لە شەقامەکان خەریکە دەبێتە دیاردە و زۆر زیادیکردووە. بەشێکی زۆری ئەو منداڵانە خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی، "زۆربەی خێزانەکان لە رووی مادییەوە گرفتیان نییە و بەزۆر منداڵەکانیان دەنێرنە شەقام بۆ کارکردن. بەدواداچوون دەکەین و ئەگەر بۆمان دەرکەوت منداڵێک بە زۆر ئەو کارەی پێدەکرێت، ئەوا خێزانەکەی دەدرێتە دادگا."
 
ئاریان ئەحمەد گوتیشی، "لە ساڵانی رابردوودا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی ستێپ لێکۆڵینەوەمان بۆ ئەو بابەتە دەکرد. هەر خێزانێک باری دارایی خراپ بووایە و لەبەرئەوە منداڵەکانیان کاریان بکردایە، مانگانە 150 هەزاریان بۆ دابین دەکرا تاوەکو منداڵاکانیان بخوێنن و کار نەکەن."
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، "ئەوانەشی کە بێ سەرپەرشت بوون، خەرجییەکانیان لە ئەستۆ دەگیرا."
 
ئاریان ئەحمەد باسی لەوە کرد، "بە هۆی خراپی دۆخی دارایی، ئێستا ئەو خێزانانە ئەو یارمەتییە وەرناگرن."
 
4-12-2024 شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ چەند پرسێکی تایبەت بە کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و خێزانە هەژارەکان سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق کۆبوونەوە. یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە ئەوە بوو یارمەتی خێزانە هەژارەکان بدرێت و مانگانە 150 هەزاریان پێ بدرێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، "تاوەکو ئێستا ژمارەییەکی دروستمان لە بەردەست نییە بۆ زانینی ژمارەی ئەو منداڵانەی لە شەقامەکان کاردەکەن، بەڵام ژمارەیان لە زیادبووندایە."
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە