گالەری

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

وا باوە کە دوایین شەوی پاییز شەوی یەڵدایە و درێژترین شەوی ساڵە، بەم بۆنەیەوە رێکخراوی خەیاڵ بۆ گەشەپێدانی هزری تاک، یادی ئەو شەوە لە هەولێر کردەوە. هەرچەندە ئەم ساڵ فەلەکناسان دەڵێن، یەکەم رۆژی زستان 22-12ـەیە، بەڵام لە هەولێر شەوی 21ـی 12 کرایە شەوی یەڵدا. 
 
لە ئاهەنگی ئەو رێکخراوەدا، ژمارەیەک شاعیر ئامادە بوون و چەند دەقێکی شیعری خوێندرانەوە.
 
بەپێی زۆرینەی لێكدانەوەكان، یەڵدا وشەیەكی سریانییە و بەمانای لەدایكبوون دێت.
 
بەشێك لە مێژوونووسانیش دەڵێن، زەردەشتییەكان زۆرترین بایەخیان بەو شەوە داوە و لای ئەوان بە مانای لەدایكبوون دێت، كە لەو شەوەدا رۆژ بەسەر شەودا زاڵ بووە، ئەوەش مانای سەركەوتنی رووناكییە.
 
خەڵکی کوردستان و ئێران بە درێژترین شەوی ساڵ و شەوی دەستپێکردنی زستان دەڵێن، شەوی چلە یان یەڵدا و ساڵانە بە رێوڕەسم یادی ئەو شەوە دەکەنەوە. 
 
لەو شەوەدا 14 کاژێر تاریکی، بەشێکی گۆی زەوی دەگرێتەوە و رۆژەكەشی کورتترین رۆژی ساڵ دەبێت. دوای ئەوە رۆژ بە رۆژ، شەو بەرەو کورتبوونەوە دەچێت.
 
لە کۆنەوە، بارینی بەفر و باران لە شەوی یەڵدا بە نیشانەی ساڵێکی پڕ خێر و بێر دەزاندرێت.
 
بەشێکی زۆری خەڵک بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەک نەریتێکی کۆن ئەو شەوە لەدەوری یەک کۆدەبنەوە و بەڕازاندنەوەی سفرە و خوانیان شەوی یەڵدا بەرێدەکەن.