رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێشبینی دەکرێت سبەی لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان بەفر ببارێت. کەشناسێکیش ئاماژە بەوە دەکات، شەممەی داهاتوو پلەی گەرما کەمێک بەرزدەبێتەوە.
چوار رۆژە پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستان دابەزیوە و هەست بە سەرما دەکرێت. رۆژی دووشەممە کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت. پلەی گەرما بەراورد بە دوێنێ یەک بۆ سێ پلە دادەبەزێت".
لەبارەی سبەیەوە کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئاسمان هەور دەبێت و "دوای نیوەڕۆش لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکووری رۆژهەڵات[ـی هەرێمی کوردستان] نمەباران و بەفر دەبارێت".
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نزمیی پلەی گەرما بەردەوام دەبێت تاوەکو رۆژی هەینی؛ ئاماژەی بەوەشکرد، شەممە پلەی گەرما سێ پلە بەرز دەبێتەوە.
لەبارەی بەفربارینەوە ئاراس جەبار گوتی، "پێشبینی دەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر ببارێت؛ ئەگەر هەیە لە سەنتەری حاجی ئۆمەرانیش بەفر ببارێت".
بە گوتەی ئەو کەشناسە، سبەی خێرایی با زیاد دەکات و بەهۆیەوە زیاتر هەست بە سەرما دەکرێت، بەتایبەت لە سلێمانی، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر.
ئاراس جەبار باسی لەوەش کرد، "لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سبەی ئەگەری بارانبارین هەیە".
بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 21 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 19 پلەی سیلیزی
دهۆک: 20 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 22 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 22 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 21 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 11 پلەی سیلیزی
سۆران: 18 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 23 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ