رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو، دوو کەس بەتۆمەتی دزینی پێنج قاز لە ناحیەی رۆڤیا دەستگیرکران. ئەفسەرێکی ئاسایش لە سنووری ناحیەکە دەڵێت، دوو کەسەکە مام و برازان و پێشینەی دزییان هەیە.،
ئەفسەرێک لە ئاسایشی ناحیەی رۆڤیا لە پارێزگای دهۆک ئەمڕۆ (شەممە، 21ـی ئۆکتۆبەری 2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوێنێ ئاگادارکراینەوە لەوەی دوو کەس قازیان لە گوندێک دزیوە و هێناویانە ژێر پردی رۆڤیا. هێزەکانمان چوون بۆ دەستگیرکردنیان، بەڵام هەڵاتن. دواتر دەستگیرمان کردن."
دوو تۆمەتبارەکە مام و برازان و خەڵکی گوندێکن لە سنووری ناحیەی گردەسێن. ئەفسەرەکەی ئاسایشی رۆڤیا دەڵێت، لەکاتی دەستگیرکردنی ئەو دوو تۆمەتبارە، پێنج قازیان پێ بووە کە لە سنوورەکە دزیویانن.
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی ئاسایش، ماوەیەک لە چەند گوندێکی سنوورەکە کێبڵی کارەبا دزراوە و ئەوان سەرەداویان نەبووە، بەڵام دوێنێ ئەو دوو تۆمەتبارە دەستگیرکراون و هەردووکیان "دانیان بەوەدا ناوە"، کە پێشتر کێبڵ دزینی سنوورەکەش، هەر لە لایەن ئەوانەوە بوون.
ئەو دوو تۆمەتبارە بە ئاسایشی رۆڤیایان گوتووە، "جارێک کێبڵیان دزیوە و بە 800 هەزار دینار فرۆشتوویانە؛ جاری دووەم داویانە بە 200 هەزار دینار."
مام و برازاکە بە بڕیاری دادوەر راگیراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکەیان کراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ