رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21-10-2021، زانکۆی کوردستان - هەولێر بە رێوڕەسمێک، پێشوازی لە خوێندکارە تازە وەرگیراوەکان لە زانکۆکە بۆ ساڵی خوێندنی 2021 - 2022 کرد.
زانکۆکە بۆ ئەمساڵی خوێندن، 450 خوێندکاری لە بەشە جیاوازەکانی وەک: پزیشکی، زانست و ئەندازیاری، زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بەڕێوەبردن و ئابووری و بەشەکانی دیکەی وەرگرتووە.
ئەمساڵ خوێندن لە زانکۆی کوردستان - هەولێر لەنێو پۆل و بە جێبەجێکردنی رێکارە تەندروستییەکان دەبێت.
ئانا رزگار، یەکێکە لەو خوێندکارانەی لە زانکۆی کوردستان دەستی بە خوێندن کردووە، بە رووداوی راگەیاند، "زۆر دڵخۆشم کە وەک خوێندکارێکی کۆلێژی پزیشکی ئەمڕۆ دەستم بە دەوام کرد، لەگەڵ دەستپێکی دەوام، زانکۆ چالاکی و سێمیناریان بۆ کردین، بەوەش ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەی هەمبوو، نەما."
زانکۆی کوردستان - هەولێر لە ساڵی 2006 لە لایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکات و سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستانەوە دامەزرێندرا. زانکۆکە دەڵێن، نێچیرڤان بارزانی ویستوویەتی ناوەندێکی پەروەردەیی دابمەزرێنێت کە هاوبەشی بکات لە بەرەوپێشبردنی هەرێمی کوردستان و زمانی ئینگلیزیش لەو ناوەندە زمانی فێرکردن و خوێندن بێت.