رووداو- هەولێر
بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکووک رایگەیاند" زیاتر لە 6 چەکداری داعش کوژراون و هەندێکیشیان خۆیان تەقاندووەتەوە". ئاماژەی بەوەشدا" نزیکەی 20 چەکداری داعش لەنێو هەندێک باڵەخانەی وەکو باخچەی ساوایان و مزگەوت و ماڵی هاووڵاتیان خۆیان حەشارداوە".
دانیاڵ جەبار، بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند" بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 21-10-2016 چەتەکانی داعش هێرشیانکردووەتە سەر چەند شوێنێکی شاری کەرکووک، بەڵام شوێنەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کۆنترۆڵکراونەتەوە، تەنیا لە هەندێک شوێنی خوارووی کەرکووک قەناس بەدەستەکان ماون و خۆیان لە نێو باڵەخانەکان حەشارداوە".
سەبارەت بە ژمارەی ئەو چەکدارانەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکووک گوتی" هیچ ئامارێک لەبارەی ژمارەی ئەو چەکدارانە لەبەردەستدا نییە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لەو چەکدارانەی داعش کوژراون، کە هێرشەکەیان ئەنجامدابوو".
بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکووک گوتیشی" زیاتر لە 6 چەکداریان کوژراون و هەندێکیشیان خۆیان تەقاندووەتەوە، رەوشەکە کۆنترۆڵکراوەتەوە و تەنیا لە هەندێک باڵەخانە ماون و ئەوانیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گەمارۆدراون".
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکووک " نزیکەی 20 چەکداری داعش ماون و ئەوانیش خۆیان لەنێو هەندێک باڵەخانەی وەکو باخچەی ساوایان و مزگەوت و ماڵی هاونیشتمانیان حەشارداوە و لە هیچ باڵەخانەیەکی حکومی نەماون".
دانیاڵ جەبار دڵنیایشی دایە خەڵکی کەرکووک، کە رەوشەکە لەژێر کۆنترۆڵی هیزە ئەمنییەکاندایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ