موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر: مانگی رابردوو 13 کاژێر کارەبامان داوەتە هاونیشتمانیان

21-09-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لێپرسراوی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر رایدەگەینێت، مانگی رابردوو لە شاری هەولێر بە تێکڕا 13 کاژێر کارەبای موەلیدە دراوەتە هاونیشتمانیان، دەشڵێت، بەهۆی سەرپێچیکردنەوە 24 خاوەن موەلید سزا دراون.
 
قارەمان مەولوود، لێپرسراوی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژار لە رادیۆی رووداو رایگەیاند، مانگی رابردوو (ئاب) بە تێكڕا لە شاری هەولێر نزیکەی 13 کاژێر کارەبای موەلیدە دراوەتە هاونیشتمانیان، بەهۆی ئەوەی کارەبای نیشتمانی لە هەولێر بەراورد بە دهۆک و سلێمانی کەمترە، نرخی ئەمپێرێک کارەبا لەنێوان 15 هەزار و 500 دینار تاوەکو 18 هەزار دینار بووە.
 
لێپرسراوی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر گوتیشی، هەموو موەلیدە ئەهلییەکان پێوەریان هەیە بۆ هەژمارکردنی کاژێرەکانی پێدانی کارەبای موەلیدە و لە دەرەوەی موەلیدەکانیش نزیکەی 300 پێوەر لەنێو شاری هەولێر دانراون بۆ چاودێریکردنی کارکردنی کاژێرەکانی کارپێکردنی موەلیدە ئەهلییەکان و مانگانە خشتەی کۆنترۆڵی کارەبا وەردەگرین بۆ چاودێریکردنی کارکردنیان.
 
بەگوێرەی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، لە تەواوی پارێزگای هەولێر 2,135 موەلیدەی ئەهلی هەن بەشێوەیەک، 1,135 موەلیدە لەنێو شاری هەولێر و 1,000 موەلیدەیش لە دەورووبەری هەولێر کارەبا دەدەنە هاونیشتمانیان.
 
لەبارەی چاودێریکردنی موەلیدە ئەهلییەکان، قارەمان مەولوود گوتی، ئەوان لە نێو شاری هەولێر بەگوێرەی سنووری شارەوانییەکان موەلیدەکانیان دابەش کردووە و لیژنەی تایبەتمەند چاودێرییان دەکات، هەروەها لە دەرووەبەری هەولێر چاودێریکردنی کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان دراوەتە دەست قایمقامیەت و ئیدارەی ناحییەکان بۆ باشتر چاودێریکردنیان.
 
گوتیشی، هەر موەلیدەیەک کەموکورتی هەبوو لە کارکردن، یان دووکەڵ و دەنگی موەلیدەکە هاونیشتمانیانی بێزارکرد، دەتوانن لەرێگەی ئەو ژمارانەی بەشی خوارەوەی پسووڵەی پارەی ئەمپێر نوسراوە، پەیوەندی بکەن بە لیژنەی تایبەتمەندەوە.
 
بەگوتەی قارەمان مەولوود، لەمانگی رابردوودا، 24 خاوەن موەلیدە بەهۆی سەرپێچێکردن و پابەندنەبوون بە رێنمایی و مەرجەکان بە بڕی یەک ملیۆن دینار سزا دراون.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، لە نێوشاری هەولێردا هەموو موەلیدەکان کراون بە موەلیدەی بێدەنگ، هەر موەلیدەیەک دووکەڵی هەبێت یان دەنگی بەرزبێت و لەماوەی 24 کاژێر چارەسەری نەکات، سزا دەدرێت.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 5 هەزار و 500 موەلیدەی ئەهلی هەن و لەکاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا، کارەبا دەدەنە هاووڵاتییان.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.