قایمقامی ئامێدی: لە چوار ساڵی رابردوودا 197 پڕۆژەی خزمەتگوزاریمان جێبەجێ کردوون

21-08-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای ئامێدی رایدەگەیێنێت، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا 197 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە بەهای نزیکەی 143 ملیار دینار لەسنووری قەزای ئامێدی و ناحیەکانی جێبەجێ کراون. دەشڵێت، پڕۆژەی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای هایدرۆپاوەری گەلی رەشاڤە تەواو بووە و 37 مێگاوات کارەبا دەداتە تۆڕی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان.
 
وارشین سەلمان مایی، قایمقامی قەزای ئامێدی لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژار لە رادیۆی رووداو رایگەیاند، "لە دەستپێکی کابینەی نۆیەمەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 197 پڕۆژە لە سنووری قەزای ئامێدی جێبەجێ کراون لە سێکتەرەکانی ئاو و ئاوەڕۆ، کارەبا، پەروەردە، تەندروستی، رێگەوبان، ئاودێری و گەشتوگوزار بوون. بەهای ئەو پڕۆژانەی جێبەجێ کراون نزیکەی 143 ملیار دینار بووە."
 
قایمقامی قەزای ئامێدی ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاونیشتمانییانی سنووری قەزای ئامێدی، چەند فەرمانگەیەک دروستکراون لەوانەش فەرمانگەی پاسپۆرت و هاتووچۆ لە ئامێدی، بۆ لەمەودوا پێویست ناکات هاونیشتمانییان بۆ راییکردنی کاروبارەکانیان بچنە دهۆک، بەڵکو هەر لە ئامێدی ئیش و کارەکانیان بۆ جێبەجێ دەکرێت.
 
پڕۆژەی هایدرۆپاوەری گەلی رەشاڤە لە سنووری قەزای ئامێدی توانای بەرهەمهێنانی 37 مێگاوات کارەبای هەیە و دەستی بە بەرهەمهێنانی کارەبا کردووە. وارشین سەلمان دەڵێت، "پڕۆژەی هایدرۆپاوەری گەلی رەشاڤە بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە ساڵانی رابردوودا راگیرابوو، ئێستا زیاتر لە 96%ی کارەکانی تەواو بوون و بە گوژمەی 198 ملیار دینار جێبەجێ کراوە، نزیکەی شەش مانگە پڕۆژەکە کارەبا بەرهەم دەهێنێت رۆژانە ئەو 37 مێگاوات کارەبایەی بەرهەمی دەهێنێت دەخرێتە سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانیی هەرێمی کوردستان."
 
بە گوتەی قایمقامی ئامێدی، "پڕۆژەی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی کە لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە بەردی بناخەی دانراوە، بە گوژمەی 64 ملیار دینار لە قۆناخی جێبەجێکردندایە و زیاتر لە 60%ی کارەکانی تەواو بووە، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆئەوەی پێش کۆتایی ساڵ تەواو ببێت و بخرێتە خزمەتی هاونیشتمانیانەوە."
 
لەبارەی تاپۆکردنی خانوو و زەویەکانی سنووری قەزای ئامێدیش گوتی، "سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی تایبەتی بۆ قەزای ئامێدی دەرکردووە بۆ تاپۆکردنی خانووەکان، ئێستا لیژنەی تایبەت و تەکنیکی پێکهاتووە بۆ تەواوکردنی رێکارەکان و دەستکردن بە تاپۆکردن بە سەرپەرشتیی پارێزگاری دهۆک، لە یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەکەدا بڕیاردراوە رووپێوییەکی گشتی بکرێت، هەر خانوو و پارچە زەوییەک (حکومەت دابەشی کردبێت) و تائێستا تاپۆ نەکرابێت، تاپۆ بکرێن."
 
پێشتر قایمقامی ئامێدی ئاماژەی بەوە کردبوو کە سێ بەنداو لە سنووری قەزاکە لە ناحیەکانی بامەڕنێ و سەرسەنگ دروستدەکرێن. وارشین سەلمان دەڵێت، لە سەرەتای مانگی ئابەوە کارکردن لە دوو بەنداوی سنووری ناحیەی بامەڕنێ دەستیپێکردووە و ئەوەی سنووری ناحیەی سەرسەنگیش لەسەر هەندێک کاری تەکنیکی و کارگێڕی ماوە و بڕیارە بە زوویی دەستپێبکات."
 
لەبارەی گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ فۆرمی ئەلیکترۆنی گوتی، "لە ئامێدی زۆر بە باشی پرۆسەکە بەڕێوەچووە و نزیکەی 94%ی هاونیشتمانیان فۆرمی خۆراکیان کردووەتە ئەلیکترۆنی."
 
قەزای ئامێدی یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و هەرێمی کوردستان، بۆ گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی گەشتوگوزار بڕیارە چەند پرۆژەیەکی ستراتیژی لە کەرتی گەشتوگوزاری ناوچەکەدا جێبەجێ بکرێن.
 
قایمقامی قەزاکە دەڵێت، "ژمارەیەک پڕۆژەی وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتوگوزار لە سنووری ئامێدی جێبەجێ دەکرێن و چەند پڕۆژەیەکیش مۆڵەتیان وەرگرتووە. پڕۆژەی ئۆتێلی پێشووی ناحیەی سەرسەنگ ئێستا 84%ی کارەکانی تەواو بووە، پڕۆژەی تەلەفریک لە گەلی سەرسەنگ بۆسەر چیای گارە مۆڵەتی وەرگرتووە و چەندین پڕۆژەی هۆتێل و کۆمەڵگەی گەشتیاری لە سنوورەکەدا بەڕووی گەشیاراندا دەکرێنەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.