رووداو دیجیتاڵ
درەنگانی شەوی رابردوو پۆلیسی ئاکرێ پێنج کەسیان بە تۆمەتی ئەنجامدانی قوماری ئەلیکترۆنی دەستگیرکرد.
موقدەم عیماد حوسێن، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تۆمەتبارەکان لە یەکێک لە چایخانەکان لەبەردەم دەرگەی قشلی ئاکرێ کە شوێنێکی قەرەباڵخی شارە دەستگیرکراون و "هەموویان گەنجن."
قومار بەپێی یاسایی سزادانی عێراقی "تاوانە" و لەهەر شوێنێک بکرێت یان هەر کەسێک بیکات، وەکو تاوانبار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
پەڕاوی لێکۆڵینەوە، وەک موقدەم عیماد حوسێن دەڵێت، بۆ پێنج تۆمەتبارەکە کراوەتەوە، بەپێی مادەی (389 ی. س) لە یاسایی سزای عێراقی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
دوای بەدواداچوونی رووداو لە هاوینی ساڵی رابردوو بۆ یاری قومار، دەرکەوت لە قوماری ئەلیکترۆنی روو لە زیادبوونە. دواتر پۆلیسی قەزاکە دەستی بە هەڵمەتی گەڕان و داخستنی ئەو شوێنانە کرد کە قوماریان تێدا دەکرێت و حەوت شوێن داخران.
پۆلیسی ئاکرێ دەڵێت، سێ مانگە هەڵمەتەکان چڕترکراونەتەوە. دوو مانگ پێش ئێستا چەند شوێنێکی دیکە داخران و لە سێ شوێنیش ئەو کەسانەیان دەستگیرکرووە کە کحوولیان دەخواردەوە لە رێگە و پارکی گشتی بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ