سەربڕخانەی رانیە بۆنێکی ناخۆشی بە دەوروبەریدا بڵاوکردووەتەوە و خەڵک داوای داخستنی دەکەن

22-06-2023
ئەبوبەکر ئیسماعیل
دیمەنێکی نێو سەربڕخانەی رانیە. وێنە: رووداو
دیمەنێکی نێو سەربڕخانەی رانیە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - رانیە

شێخ عەلی چوار ساڵە ماڵی بردووەتە گەڕەکی قەڵات لە رانیە، 200 مەتر لە سەربڕخانەی رانیەوە دوورە و دەڵێت، بۆنی تەواو بێزاری کردوون و پاشماوەکانیشی دانیشتووانی گەڕەک و کاسبکارانی نزیک ئەو شوێنەی هەراسان کردووە.
 
عەلی، دانیشتووی گەڕەکی قەڵاتی نوێ بە رووداوی گوت، "بۆنێکی زۆر ناخۆشی دێت، بەتایبەت کاتێک موبەریدە دەکەینەوە بۆن دێتە ژوورەوە، هاوژینەکەم تووشی شێرپەنجە بووە، هەمووی بەهۆی ئەو قەسابخانەوەیە."
 
ئەسمەر عەبدولڕەحمان، دانیشتووی هەمان گەڕەکی رانیە ئاماژە بەوە دەکات، "هەتا بڵێیت پیس و ناخۆش و بێ لەزەتە، شت فڕێدەدەن. داواکارین سەربڕخانەکە لێرە لاببەن."
 
قەسابێک بەناوی عەبدوڵڵا حەمە لەبارەی سەربڕخانەکەوە دەڵێت، "هیچ شوێنێکی باشی نییە، دیوارەکانی، قولابەکانی دەرەوە و ژوورەوە هەر کەلاوەیە."
 
سەربڕخانەکە 24 ساڵ لەمەوپێش لەسەر رووبەری 900 مەتر لەلایەن رێکخراوێکی بیانییەوە دروستکراوە، ئەوکات تەنیا بینایەکی لێبووە، بەڵام ئێستا کەوتووەتە ناوەڕاستی قەزای رانیە.
 
لە سەربڕخانەکەدا رۆژانە زیاتر لە 50 سەر ئاژەڵی گەورە و بچووک لەژێر چاودێریی تەندروستیی رانیە سەردەبڕدرێن، بەڵام بەرپرسانی ڤێتێرنێری دەڵێن هیچ مەرجێکی تەندروستیی تێدا نییە و دەبێت دابخرێت.
 
دکتۆر سەعدی تەیب، بەڕێوەبەری ڤێتێرنێریی راپەڕین دەڵێت، "بەداخەوە لەو شوێنە پشکنینی باشیش بۆ ئاژەڵەکان ناکرێت پێش سەربڕین و دوای سەربڕین، شوێنەکە زۆر پیس و پۆخڵە و هیچ مەرجێکی تەندروستیی تێدا نییە."
 
سەربڕخانەکە رۆژانە تەنیا 40%ی پێداویستیی گۆشتی سوور بۆ رانیە دابین دەکات، ئەو 60%ی دەمێنێتەوە لەسەر شەقام و کۆڵانەکان، بەبێ هیچ پشکنینێکی تەندروستی ئاژەڵ سەردەبڕدرێت.
 
بەرهەم رەسووڵ، سەرۆکی شارەوانیی رانیە باسی لەوە کرد، "بەردەوامبوونەکەی ناچارییە، ناکرێت هەتا قەسابخانەیەکی دیکەمان دەبێت ئەو شوێنە دابخەین، ئێستا لە رێگەی تەندروستی و ڤێتێرنێری و لیژنەکانی قایمقامیەتەوە چاودێریی دەکەین."
 
هەرچەندە لە ساڵی 2016وە بڕیاردراوە سەربڕخانەیەکی نوێ لەسەر رووبەری پێنج دۆنم زەوی لە ئیدارەی راپەڕین لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دروستبکرێت، بەڵام بەهۆی یەکلانەبوونەوەی شوێنی سەربڕخانەکە، تاوەکو ئێستا نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە