رووداو - هەولێر
شەوی رابردوو دووەمین نمایشی جلوبەرگی هەولێر سازکرا، تێیدا 25 نمایشکاری جلوبەرگ لە کوردستان و دەرەوە بەشداربوون و 25 کەس وەکو خۆبەخش کاریان بۆی کردووە. چالاکییەکە بە چەند نمایشێکی سەما و میوزیک و خستنەڕووی دیزاینی جلی بووکێنی لەسەر ئەسپ دەستیپێکرد.
محەممەد حەمەدەمین، خاوەن و بەڕێوەبەری چالاکییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەر دیزاینەر و براندێک نۆ دیزاین دەخاتەڕوو، بە گشتی 11 دیزاینەر و براند لە دووەمین نمایشی جلوبەرگی هەولێر بەشدارن." گوتیشی، جلوبەرگی کوردی، کلاسیک، ئاهەنگی هاوژینی و ئاسایی خرانەڕوو.
ئاماژەی بەوەش کرد، یۆموشکا کە خەڵکی سووریایە، شاجوانی سوپەر گلۆبی دوبەیە لە ساڵی 2019 و شاجوانی جلوبەرگی نەتەوەیی بووە لە دوبەی، وەکو ئەکتەریش لە چەند بەرهەمێکدا رۆڵی گێڕاوە، لەو چالاکییەدا وەکو سەرپەرشتیاری مۆدێل و ستەیج بەشداریی کردووە.
بەڕێوەبەری چالاکییەکە گوتیشی، لە نمایشەکەدا خانمە دیزاینەرێکی رووسی بەشدار بوو و نوێترین کۆمەڵە دیزاینی خۆی خستەڕوو کە بریتیبوو لە دیزاینی جلوبەرگی کوردی.