سنوورە کۆڵبەرییەکان نەکراونەتەوە

21-04-2016
فەرمان چۆمانی
...
...
نیشانەکردن کۆڵبەر
A+ A-
رووداو - گوندی زەڵێ

چەند رۆژێکە بەهۆی داخرانی دەروازە نافەرمییەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە، هەزاران هاونیشتمانی کە بژێوی ژیانیان لەسەر ئەم دەروازانەیە بێکار بوونە.

ئەحمەد حاجی رەسوڵ، یەکێک لەو هاونیشتمانیانەیە بژێوی ژیانی لە سەر دەروازەی قاسمەڕەش-ە و دەڵێ "نزیکەی 10 رۆژە ئێمەیان ئاگادار کردووەتەوە لەوەی دەروازەکە دادەخەن، هیوامان هەبوو بۆ دانەخرانی، بەڵام ئێستا بێ هیوا بووین"، دەشڵی "لەگەڵ کاروانچیانی رۆژهەڵاتی کوردستان پەیوەندیمان هەیە و ئەوانیش وەکو ئێمە بێکار بوونە".

بارخانەکانی سەر سنوور پڕبوونەتەوە لەو کەلوپەلانەی کاروانچییەکان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دەیانگواستنەوە، ئەمەش بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی بازرگانانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشێکی بارەکان لە دەرەوەی بارخانەکان بە داپۆشراوی و لەچاوەڕوانی کردنەوەی ئەم دەروازانە جێبهێڵن.

ئومید عومەر، یەکێکی دیکەیە لەو هاونیشتمانیانەی لە دەروازەی قاسمەرەش لە زەڵێ کار دەکات و دەڵێت " لەنێو بارخانەکانمان جێگا نەماوە و بازرگانانی رۆژهەڵاتی کوردستان تووشی گرفت بوونە و، دەبێت هەرڕۆژە و بڕۆنە دەروازەیەک و زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە، ئەگەر ئەم دەروازنە نەکرێنەوە، خەڵک دەبێت بە ناچاری وەکو جاران دەست بە کاری قاچاخچیێتی بکەنەوە".
 
هەرچەندە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی کردنەوەی ئەم دەروازانەیان داوە و بەرپرسانی ناوچەییش لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایانگەیاندبوو دەروازەکان دەکەنەوە، بەڵام هێشتاش دەروازەکان بەڕووی بازرگاناندا داخراون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە