هەورامان گەچێنەیی: بڕیاری گواستنەوەی خوێندگا ئایینییەکان نایاساییە

22-04-2015
گۆڤەند مستەفا
نیشانەکردن هەورامان گەچێنەیی خوێندگا ئایینییەکان
A+ A-

رووداو - هەولێر

هەورامان گەچێنەیی، جێگری سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە پەرلەمانی كوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو، لەبارەی گواستنەوەی خوێندگا ئایینییەكان بۆ سەر وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا رایگەیاند:" بڕیاری گواستنەوەی خوێندنگا ئایینییەكان بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا، پێش هەموو شتێک بڕیارێکی نایاساییە، ئەویش بەپێی دوو یاسا کە لە پەرلەمانی کوردستان، لە 30-10-2000 و لە 26-11-1997 دەرکراون".

گەچێنەیی هەروەها دەڵێت:" مادام ئەو بڕیارەیان بەپێویستدەزانی، پێویستبوو وەکو پێشنیاز ئەم بڕیارەیان بۆ پەرلەمانی کوردستان بناردبا، نەک خۆیان بیانکردبا بە بڕیار، چونکە مافی ئەوەیان نییە بڕیار لەوبارەیەوە بدەن". دەشڵێت "پێویستی نەدەکرد بڕیارێکی لەمجۆرە پەلەی تێدا بکرابا، دەبوایە پرسیان بە پەرلەمان بکردبا، بەڵکو ئاگاشمان لێی نەبووە".

جێگری سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ئاماژە بەوەش دەدات "تەنیا لایەنە سیاسییەکان نین بەو بڕیارە رازینەبن، ئەم بڕیارە پەیوەندی بە لایەنی سیاسییەوە نییە، بەڵکو مەترسیشی تێدایە، مامۆستایانی ئایینی مەترسی خۆیان لەو بڕیارە نەشاردووەتەوە"، باس لەوەش دەكات،" واژۆی 400 مامۆستای ئایینی بەرجەستەی ناو هەولێرم بەدەستگەیشتووە، کە ناڕازین بە بڕیارەکە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە