لە نەورۆزی ئاکرێ شەش رووداو تۆمارکراون

21-03-2025
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی ئاماری تەندروستیی ئاکرێ، دوێنێ لە نەورۆزی شارەکەدا شەش رووداوی جیا تۆمارکراون کە چواریان سووتان بووە بەهۆی ئاگرەوە.
 
ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆز لە ئاکرێ کاژێر 06:45ـی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە دەستیان پێکرد. زیاتر لە هەزار کەس مەشخەڵیان بەرزکردەوە و بەرەو چیای کەلێ سەرکەوتن. لە هەمان کاتدا بە یاریی ئاگرین ئاسمانی شارەکە رووناککرایەوە.
 
نێچیرڤان هەرکی، گوتەبێژی تەندروستی ئاکرێ، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ شەش رووداو تۆمار کراون، کە چواریان سووتان بووە بە ئاگر و دووانەکەی دیکەش بوورانەوە بووە".
 
گوتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ ئاماژەی بەوەشکرد، برینی سووتاوەکان "زۆر سووک" بووە و دوو رووداوەکەی دیکەش پاش بینینی تیمی تەندروستی دۆخیان ئاسایی بووەتەوە و هیچ کام لە رووداوەکان پێویستی بە مانەوە لە نەخۆشخانە نەبووە.
 
بۆ بەشداریکردن لە نەورۆزی ئاکرێ، جگە لە هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان، لە وڵاتانی دەرەوەش ساڵانە سەتان گەشتیار دێنە هەرێمی کوردستان. ئەم ساڵ لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیشەوە هاونیشتمانییان بەشدارییان کرد.
 
شەوی رابردوو بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری ئاکرێ رایگەیاند، "بۆ نەورۆزی ئەم ساڵ 88 هەزار کەس هاتوونەتە شارەکە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە