رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی لە هەرێمی کوردستان نمەباران دەبارێت. بارانەکەش زیاتر ناوچەكانی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی سۆران و راپەڕین دەگرێتەوە.
بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، جگە لە ناوچە سنوورییەکان، "ئەمشەو لە سەنتەری سلێمانی و ناوچەكانی دەوروبەری و سەنتەری قەزای سۆران بەفر دەبارێت".
لەبارەی کەشوهەوای سبەی، کەشناسیی دەڵێت، ئاسمان هەور دەبێت و لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان باران دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت.
سەبارەت بە پلەکانی گەرماش، کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما دوو بۆ چوار پلە دادەبەزێت و سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ یەک بۆ دوو پلەی دیکە دادەبەزێت.
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم شەپۆلەی بارانبارین کاریگەری باشی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی مەترسییەکانی وشکەساڵی".
ئەم شەپۆلەی بارانبارین لە دوێنێوە دەستیپێکردووە. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "کاتی بارانبارین ماوە و پێشبینی دەکەین بڕی پێویست ببارێت و قەرەبووی کەمبارانی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو بکاتەوە".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەمێشوەیە دەبێت:
هەولێر: 8 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 6 پلەی سیلیزی
دهۆک: 7 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 10 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 7 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 6 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: -4 پلەی سیلیزی
سۆران: 2 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 12 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ