رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە دەستگیرکردنی ئەوانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە گشتی و تیکتۆک بە تایبەت "بابەتی نەشیاو و قسەی نەشیاو" بڵاو دەکەنەوە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگاکە دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ 11 کەس دەستگیرکراون.
عەقید سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی 21-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی خراپ بەکارهێنانی تیکتۆکەوە دەستگیرکران گەیشتووەتە 11 کەس".
بەگوێرەی ئاسایش، ئەو 11 کەسە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیرکراون و هەڵمەتەکەش کۆتایی نەهاتووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لەنێو دەستگیرکراواندا کچێکی ناسراو بە (ش – چ) هەیە، هەروەها یەکێکی دیکە لەو کەسانەی لەنێو دەستگیرکراوەکاندایە و لە سۆشیاڵمیدیا ناسراوە کەسێکە بەناوی "فەرمانی لەفە". یەکێکی دیکەشیان ناوی (ئەرجوومەنە ریشە)یە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لەنێو دەستگیرکراواندا جگە لە سلێمانی، لە سنووری چەمچەماڵ و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش خەڵک دەستگیرکراوە.
17-02-2025 بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: "بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی بڵاوکراوە نەشیاوەکان، بە بڕیاری بەڕێز داواکاری گشتی، هەشت تۆمەتباری خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دەستگیرکران، تۆمەتباران لە رێگەی گرتە ڤیدیۆیی و لایڤەکانیان بابەتی نەشیاویان بڵاوکردووەتەوە و کاریگەری نەرێنییان لەسەر تاک و خێزانەکان هەبووە".
ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی یاسا و بە بڕیاری دادوەر رووبەڕووی خراپ بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبنەوە لەپێناو تێکنەدانی شیرازەی کۆمەڵگا.
سزای تۆمەتباران چییە؟
بەگوێرەی (یاسای قەدەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە هەرێمی کوردستان) ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیرکراون، ئەگەر دادوەر وەکو تاوانبار بیانناسێنێت چەند سزایەک دەیانگرێتەوە.
یاسای قەدەخەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە هەرێمی کوردستان، ساڵی 2008 لە پەرمانی کوردستان پەسندکراوە و لە شەش مادە پێکهاتووە.
لە مادەی دووەمی یاساکەدا هاتووە، هەرکەسێک بە خراپی تەلەفۆن، یان ئینتەرنێت یان پۆستی ئەلیکترۆنی بۆ مەبەستی "هەڕەشەکردن یان تۆمەت هەڵبەستن، جێنودان یان هەواڵی هەڵبەستراو" بەکارهێنا، کە لەگەڵ "خوڕەوشتی گشتیدا نەگونجێت"، ئەوە بۆ ماوەیەک بەند دەکرێت، کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵیش زیاتر نەبێت؛ هەروەها بە پێبژاردنێکیش سزا دەدەرێت، کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت، یان بە یەکێک لەو دوو سزایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ