رووداو دیجیتاڵ
خێراترین ماتۆڕی جیهان لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی ئۆتۆمبێل لە هەولێر نمایشکرا کە ماتۆڕی (ئێج تو ئاڕ)ـی کۆمپانیای کاواساکی ژاپۆنییە. خێراییەکەی 405 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا و بۆ یەکەمجارە دەهێندرێتە کوردستان و عێراق؛ تایبەتە بە پێشبڕکێی ماتۆڕسواری و نرخەکەی 70 هەزار دۆلارە.
حازم نەجم، سەرپەرشتیاری گرووپی ماتۆڕسواری هێلانەی هەڵۆکان لەبارەی ماتۆڕەکەوە دەڵێت، "یەکەم خاڵ بۆ سەلامەتی ئەو شۆفێرەی ماتۆڕەکە بەکاردەهێنێت، دەبێت ئەو جلوبەرگە لەبەربکات کە لە کاتی رووداوەکاندا دەیپارێزێت. خاڵی دووەم، دەنگی ماتۆڕەکانی ئێمە خەڵکی بێزار ناکات و دەنگێکی زۆر خۆشیان هەیە."
یەکێکی دیکە لەو ماتۆڕانەی لە پێشانگەکە نمایشکراوە، (بی ئێم دەبلیو هەزار ئاڕ ئار)ـە. لە هەموو جیهاندا تەنیا 54 دانە لەم جۆرە هەن و نرخەکەی 150 هەزار دۆلارە. وەرزی رابردوو تۆپڕاک رازگەتڵی ئۆغلۆ، ماتۆڕسواری تورکیایی توانی 12 نازناوی جیهانی بەو ماتۆڕە بباتەوە. خێراییەکەی 320 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا.
دیموکرات ئیسماعیل، بەرپرسی پەیوەندییەکانی گرووپی ماتۆڕسواری هێلانەی هەڵۆکان لە باسی ماتۆڕەکە دەڵێت، "ماتۆڕەکە 12 نازناوی جیهانی بردووەتەوە و ژمارەی پێوانەیی شکاندووە. ماتۆڕەکە 54 دانەی هەیە لە هەموو جیهان و واژۆی پێشبڕکێشی لەسەرە. ئەو ماتۆڕەی لێرە دانراوە ژمارە 25ـە."
لە پێشانگەکە، 16 ماتۆڕ لە بڕاندەکانی بی ئێم دەبڵیو، دۆگاتی، سوسوزوکی، کاواساکی، ئێم ئاڕ و یاماها نمایشکراون. نرخەکانیان لە 30 هەزار دۆلار تاوەکو زیاتر لە 100 هەزار دۆلارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ