قایمقامی قەزای خانەقین: ئاوەڕۆی قەزاکەمان دروستدەکرێتەوە

21-02-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای خانەقین رایگەیاند، پار 13 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە قەزاکە جێبەجێ کراون، کە بەهاکەیان نزیکەی سێ ملیار دینار بووە. دەشڵێت، بۆ ئەم ساڵ ناتوانن هیچ پرۆژەیەکی ئاوەڕۆ و کۆنکرێت لە شارەکە جێبەجێ بکەن.
 
جەواد فەیزوڵڵا، قایمقامی قەزای خانەقین لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رادیۆی رووداو رایگەیاند، پڕۆژە جێبەجێکراوەکانی پار بریتی بوون لە دروستکردنی دوورگەی ناوەندی لە یەکتربڕی گەڕەکی 7ی نیسان، کۆنکرێتکردنی شەقامی پشت مزگەوتی گەورە، نۆژەنکردنەوەی فلکەی محەتە و گەڕەکی پۆلیس، نۆژەنکردنەوەی شۆستەی شەقامی کۆرنیش، نۆژەنکردنەوەی دوو باخچە، هێڵکاریی شەقامی گەڕەکی کرێکاران و دروستکردنی قۆناخێکی باڵەخانەی شارەوانیی خانەقین بوون.
 
قایمقامی قەزای خانەقین ئاماژەی بەوە دا، پار چەند پرۆژەیەکی دیکەشیان جێبەجێ کردوون؛ لەوانەش قیرتاوکردنی شەقامی نزیک مزگەوتی شەهید، کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکانی گەڕەکەکانی ئەرکەوازی، سیروان و بەختیاری، هەروەها نۆژەنکردنەوەی شەقامی سەرەکیی گەڕەکی کرێکاران.
 
سەبارەت بە پلانی ئەم ساڵی شارەوانیی خانەقین، قایمقامی قەزاکە گوتی، "ئەم ساڵ ناتوانین هیچ پڕۆژەیەکی کۆنکرێت و ئاوەڕۆ جێبەجێ بکەین، چونکە لە وەزارەتی شارەوانی پڕۆژەیەک هەیە بەناوی ئاوەڕۆی ناوەندیی خانەقین، کە ئاوەڕۆی شارەکە هەمووی سەرلەنوێ دروستدەکرێتەوە و نزیکەی 8 بۆ 10 مەتر قووڵ دەکرێت. تێچووی پڕۆژەکەش 140 ملیار دینارە، بەڵام دیار نییە کەی پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت، چونکە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و شارەوانییەکانی عێراقەوە کاری لەسەر دەکرێت."
 
جەواد فەیزوڵڵا گوتیشی، "بۆ ئەم ساڵ زیاتر سەرنجمان لەسەر دروستکردنی باخچە و سەوزایی، نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان و شەقامە دەرەکییەکان دەبێت، بەڵام تائێستا دیار نییە چەند بودجەمان بۆ تەرخان دەکرێت."
 
شۆڕش خالید، باڵیۆزی پێشووی عێراق لە چین 29ی ئایاری 2024 بە رووداوی گوت، بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان عیراق و چین، هەشت هەزار قوتابخانە لە سەرانسەری عێراق دروست دەکرێن، کە بە چەند قۆناخێک دەبێت.
 
جەواد فەیزوڵڵا گوتی، "لەو هەزار قوتابخانەیەی کۆمپانیا چینییەکان دروستیان کرد، چواریان بەر خانەقین کەوتوون، دوو قوتابخانەی 24 پۆلی تەواو کراون و دوو دانەکەی دیکەش نزیکەی 90%یان تەواو کراون."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە