رووداو - هەولێر
پەرلەمانی کوردستان جارێکی دیکە لەبەردەم دۆخێکی نوێدایە. محەممەد سلێمان، سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان رایگەیاند، ئەم چوارشەممەیە کۆبوونەوەی پەرلەمان نەکرێت، دەست لە بەڕێوەبردنی یەکەمین دانیشتنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵدەگرێت.
پەرلەمان بەپێی یاسا ئامادەکاریی بۆ کۆبوونەوەکەی کردووە. سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "دیوانی پەرلەمان ئێمەی وەکو بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن ئاگادار کردووەتەوە ئامادەکاریی کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە بکەین، هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە لە چوارچێوەی پەیڕەو و یاسادا."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی ئامادەی کۆبوونەوەکە نابن، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، ئەگەر سەرۆکی کاتیی پەرلەمان بە هەر هۆکارێک ئامادە نەبێت، جێگرەوەی بۆ دادەنرێت.
یاسین مەحموود، راوێژکاری پەرلەمانی کوردستان گوتی، "ئەگەر لە ئەرکەکەی داوای لێبووردن بکات و تەنەزول بکات، ئەوە بەپێی یاسا کەسی بەتەمەنی دووەم جێگرەوەی دەبێت، بەڵام پێویستە ئەو کەسەی واز دەهێنێت، بە نووسراو داوا لە سەرۆکایەتیی دیوان بکات کە دەست لەم ئەرکەی هەڵدەگرێت."
دوای کشانەوەی محەممەد سلێمان، ئازاد محەممەد ئەمین لە فراکسیۆنی یەکێتی، وەکو دووەم بەتەمەنترین پەرلەمانتار دەبێتە سەرۆکی کاتی؛ تاوەکو لایەنەکانیش نەگەنە رێککەوتن پۆستەکە لەدەست یەکێتی دەبێت.
دارا خەیلانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، "بە هیچ شێوەیەک ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکی تەمەن، لە بەرژەوەندیی حیزبەکەی یان هی خۆی کارێک ناکات، ئەمە کارێکی رەتکراوەیە لای یەکێتی. ئێمە هەوڵدەدەین بە زووترین کات دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرین، بەڵام تاوەکو حکومەت کاربەڕێکەریش بێت، دەتوانێت چاودێری بخاتە سەر حکومەت."
لە 2ی کانوونی یەکەمی 2024، یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. تاوەکو ئێستا سەرۆکی تەمەن سێ جار بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانی کردووە، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی، کۆبوونەوە نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ