رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارەم کۆبوونەوەی لیژنەی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی کرا. ئامانجی کۆبوونەوەکە ئامادەکردنی رەشنووسێکە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، بەهۆی بەردەوامیی کۆبوونەوەکان و دوای کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی، خەریکە ئاسۆی لەدایکبوونی کابینەی تازە دروست دەبێت.
دارا خەیلانی بە رووداوی گوت، "کۆبوونەوەی سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ مەسرور بارزانی وایکرد کە کۆبوونەوەکان بە دڵخۆشی زیاتر بکرێن و لەسەر کارەکان گەرمتر بن، ئەگەر ناکۆکیش هەبن وابکەن زووتر ناکۆکییەکان تێپەڕێنن، پۆستی وەزیرێک یان هەر پۆستێکی دیکە نەبنە مایەی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت، ئێمە وەکو یەکێتی ئەو مەرجانەی هەمانبووە وەکو شەراکەتی راستەقینە لەلایەن برادەرانی پارتی بە خۆشحاڵییەوە قبووڵکراون".
پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ پێکهێنانی حکومەت سەردانی زۆربەی ئەو لایەنە سیاسییانەی کردووە کە کورسییان لە پەرلەمان هەیە. لە دوو رۆژی رابردوودا بەرپرسە باڵاکانی ئەو حیزبە موژدەی زووتر پێکهێنانی حکومەتیان راگەیاند و لەم هەفتەیەشدا تاوتوێی پێکهێنانی حکومەتیان لەگەڵ ئۆرگانەکانی حیزب کردووە.
تەها ناوەندەیی، کارگێڕی لقی 12ی گوڵان دەڵێت: "کۆبوونەوەی جەنابی مەسرور بارزانی لەگەڵ بەڕێز بافڵ تاڵەبانی، دەرەنجامی باشی هەبووە و دید و روانینی پارتی و یەکێتی بەڕوونی باسکراون، دانیشتنەکە پێکهێنانی حکومەت خێراتر دەکات و ئێمە وەکو پارتی لەسەر پۆستێک و دووان پەکی کار ناخەین و لای ئێمە گرنگە حکومەتێکی بەهێزمان هەبێت".
سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردن و 50 رۆژیش بەسەر یەکەم دانیشتنی پەرلەمان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی حکومەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ