وەزارەتی ناوخۆ بۆ فەرمانبەر و هێزە ئەمنییەکان: لەمەودوا لە 60 ساڵی خانەنشین دەبن

21-01-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەمەودوا فەرمانبەران و ئەندامانی هێزەکانی وەزارەتەکەیان بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی عێراق لە 60 ساڵیدا خانەنشین دەبن. گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانیش دەڵێت، داوایان کردبوو جێبەجێکردنەکە مانگێک دوابخرێت.
 
لە نووسراوێکدا کە پشتی بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەستووە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەدایکبووانی 1962 بۆ 1964 ئەمساڵ خانەنشین دەکرێن.
 
بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆ نووسراوەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە، کە بە ژمارە (2364) و رێککەوتی 20-01-2025 دەرکراوە، تێیدا هاتووە "فەرمانبەرانی شارستانی، ئەفسەر و کارمەندانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، کە لە رێککەوتی 01-01-2025ـەوە تاوەکو 31-12-2025 تەمەنی یاسایی خانەنشینی، 60 ساڵ تەواو دەکەن و ساڵی لەدایکبوونیان 1965ـە، ئەوان لە رۆژی پێش تەمەنی یاسایی خانەنشین دەکرێن".
 
بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەر فەرمانبەرێک لە 24-02-1965 لەدایکبووبێت، رۆژی 23-02-2025 دوای نیوەڕۆ دەستهەڵگرتنی لەکار بۆ دەکرێت و خانەنشین دەبێت.
 
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، لەدایکبووانی ساڵانی 1962-1963-1964 لە 31-01-2025 دەستهەڵگرتنیان بۆ دەکرێت.
 
سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان ئەمڕۆ (سێشەممە، 21-01-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "یاساکە ژمارەی 09ـی ساڵی 2014ـی عێراقە و بڕیارە لە هەموو هەرێمی کوردستان دا جێبەجێ بکرێت، چونکە لە عێراق ئێستا جێبەجێ دەکرێت و هەر فەرمانبەرێک تەمەنی ببێتە 60 ساڵ، خانەنشین دەکرێت." 
 
پێشتر لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون لە تەمەنی 63 ساڵی بوو.
 
سادق شێخ عوسمان دەڵێت "ئێمە داوامان کرد مانگێکی دیکەش یاساکەی عێراق جێبەجێ نەکرێت و هەر 63 ساڵییەکە بێت، چونکە لە عێراق کار دەکرێت بۆ ئەوەی لەوێش خانەنشینیی ناچاری بکرێتەوە 63 ساڵ".
 
گوتەبێژی یەکێتی خانەنشینان گوتی "پێشتر لە هەرێمی کوردستان کەسێک خانەنشین بووایە، مووچەی بنەڕەتی شەش مانگی پێدەدرا، بەڵام بەگوێرەی یاساکەی عێراق، دەبێت مووچەی 12 مانگی بە تەواوی دەرماڵەکانەوە پێبدرێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە