رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو هاونیشتمانییانەی ناویان بۆ حەج دەرچووە، تاوەکو پێنجشەممە بەشی دووەمی پارە رادەست نەکەن کەسێکی دیکە دەخرێتە جێگەیان.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە، 21-01-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تێچووی حەجی ساڵی 2025 لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دیاریکراوە کە بە رێگەی ئاسمانی حەوت ملیۆن دینارە، ئەوانەی ناویان دەرچووە چوار ملیۆنیان رادەستکردووە و سێ ملیۆنی ماوە، دوایین کات بۆ رادەستکردنی پارەکە 23ـی ئەم مانگەیە".
لەکاتی تیروپشکی ناوی ئەو کەسانەی دەچن بۆ حەج، ژمارەیەک وەکو یەدەگ هەڵدەبژێردرێن. نەبەز ئیسماعیل دەڵێت: "ئەوانەی قیستی دووەمی پارەکە نەهێنن بە ناچاری کەسێکی دیکە دەخرێتە جێگەیان، بەڵام زۆرینە پارەکەیان هێناوە".
ژمارەیەک لەوانەی ئەم ساڵ دەچنە حەج، بە رێگەی وشکانی دەچن کە تێچووەکەی 5 ملیۆن و 500 هەزار دینارە و پێدانی قیستی دووەم ئەوانیش دەگرێتەوە.
حەج لە ساڵی 2024 لە رێگەی ئاسمانییەوە شەش ملیۆن و 350 هەزار دینار و بە رێگەی وشکانیش پێنج ملیۆن و 300 هەزار دینار بوو.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی: "دیاریکردنی پارەکە لە بەغداوە بووە، هۆکارەکەش بەرزبوونەوەی نرخی هۆتێل و هەموو پێداویستییەکانی دیکەی مانەوەیە لە سعودیە".
پشکی حەجی 2025 بەراورد بە پار زیادکراوە. ساڵی رابردوو 4,174 کەس ناویان دەرچووبوو. لە 25-09-2024، تیروپشک بۆ ئەو ناوانە کرا کە ساڵی 2017 و 2023 ناوی خۆیان تۆمار کردبوو و لە تیروپشکەکەدا 5 هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ