رووداو دیجیتاڵ
لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەزاران هاونیشتمانی بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر خۆپێشاندانیان کرد و سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد.
باوەڕ بەرەکات کوڕە شەهیدێکی زاخۆیە، لەگەڵ خێزانەکەی بەشداریی لە خۆپێشانداندا کردووە. ئامانج لێی سەرکۆنەکردنی هێرشی ئێرانە بۆ سەر شاری هەولێر.
باوەڕ دەڵێت، "ئەمڕۆ من وەکو کوڕە شەهیدێک لەگەڵ ماڵباتەکەم بەشداریمان لەم خۆپێشاندانەدا کردووە و سەرکۆنەی هێرشەکەی [ئێران] بۆ سەر هەولێر دەکەین. ئەمە بە کارێکی تیرۆریستی دەزانین و نیشانەی لاوازیی ئەوان و بەهێزیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانە."
مەریەم عەبدوڵلا هانیشتمانییەکی دیکەیە و بەشداریی لە خۆپێشاندانەکەدا کردووە، دەڵێت، "پەیامی من ئەوەیە کە تاوەکو خاوەنی سەرۆک بارزانی بین، لە هیچ دوژمنێک ناترسین. ئێمە ئەم هێرشانەی ئێران بۆ سەر خاکی پیرۆزی کوردستان ریسوا و سەرکۆنە دەکەین."
وێنەی ژینە کە تەمەنی کەمتر لە ساڵێک بوو، لە باوەشی پردی دەلالی زاخۆ هەڵواسراوە، بە هەزاران هاووڵاتیی زاخۆ لە چین و توێژە جیاجیاکانەوە دروشمی ناڕەزایەتیی و هاوسۆزییان بەرزکردەوە.
کاژین خۆپێشاندەرێکی دیکەیە و دەڵێت، "با هەموومان لە هەموو بارودۆخێکدا یەکگرتوو بین و دەستی یەکدی بەرنەدەین، با هەموو چین و توێژەکانی کوردستان هەستن و ئەم کارە قبووڵ نەکەن."
گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەنێو خۆپێشاندەراندا رایگەیاند، "ئێمە وەکو جەماوەری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، پەیامی خۆمان گەیاند و، پەیامی خەڵکەکەمان دەگاتە لایەنی پەیوەندیدار، ئێمە میللەتێکی ئاشتیخوازین و ئازادیمان خۆشدەوێت. ئەو هێرشە، وەکو بۆ هەمووان روونە، بەبێ هیچ پاساوێک ئەنجامدراوە و سوپای پاسدارانی ئێران هەولێری پایتەختیان بە ئامانج گرت و خەڵکی سڤیل و منداڵ بوونە قوربانی."
قوتابییان بەشێک بوون لە خۆپێشاندانەکەی زاخۆ و لە دژی هێرشەکەی سەر هەولێر کەڕێگەی رووداوەوە پەیامی خۆیان گەیاند؛ هەژین یەکێک بوو لەو قوتابییانە و گوتی: "ئەمڕۆ، قوتابییان، مامۆستایان و هاووڵاتییانی زاخۆ هاتووینەتە ئێرە بۆ ئەوەی هێرشی ئێران بۆ سەر کوردستان و بە تایبەتیش هەولێری پایتەخت سەرکۆنە بکەین. ماوەی چەندین ساڵە ئەم لەبەرامبەر ئەم ستەم و زۆردارییە بێدەنگ بووین، بەڵام ئیدی بێدەنگ نابین و هەر دەڵێین، بژیت کورد و بژیت کوردستان."
زاخۆ و زاخۆییەکان دەنگی خۆیان گەیاند و، لە پاڵ ناڕەزایەتیی هاونیشتمانییان لە شار و ناوچەکانی دیکە، دەنگی ئەوان دەگەیێندرێتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ