رووداو دیجیتاڵ
کۆنسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەولێر دەستبەکاربوو، لە پەیامی دەستبەکاربوونیدا دوای دەربڕینی خۆشحاڵی، گوتی، "پەیوەندیی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستانی عێراق مێژوویی و گەشەسەندوون."
جەیمس گۆڵدمان لە هەژماری تایبەتی کۆنسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "خۆشحاڵم کە گەیشتووم بە هەرێمی کوردستانی عێراق، تاوەکو رۆڵی کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا وەرگرم."
جەیمس گۆڵدمان پێش ببێت بە کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر، لە 2022 تاوەکو 2023 نوێنەری دیپلۆماسی بوو لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە مەسقەتی پایتەختی عومان، بەرپرسبوو لە پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیا و عومان. لە ساڵی 2019ـشەوە جێگری سەرۆکی نوێنەرایەتی و کۆنسوڵی گشتی H.M بوو لە مەسقەتی عومان.
گۆڵدمان لە ساڵی 2015 بەولاوە رۆڵی جیاوازی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا پێدراوە. لەنێویاندا؛ جێگری بەش بووە لە وەزارەتی دەرەوە کە سندووقی داهاتی ململانێ، سەقامگیری و ئاسایشی بەریتانیای بەدەستەوە بووە، لەو ماوەیەدا ئیدارەی 200 ملیۆن پاوەندی داوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێکدادان، ناسەقامگیری و بەرەوپێشبردنی خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا.
گۆڵدمان بەرلە 2015 کاری لەسەر کۆمەڵێک پرسی ئەمنی و بەرگری کردووە، لەنێویاندا؛ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە باشووری ئاسیا و ئەفریقا. دابینکردنی کەرەستەی سەربازی بۆ هێزی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەنێو سوپای بەریتانیا، بەرەنگاربوونەوەی چەتەی دەریایی لە دەوروبەری وڵاتانی قۆچی ئەفریقا، هەروەها رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی مادەی کیمیایی، بایۆلۆجی و چەکی ئەتۆمی.
جەیمس گۆڵدمان لە توێژینەوەیی پێکدادانەکان لە زانکۆی زانستی ئابووری و سیاسی لەندەن ماستەری بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ