گالەری

رووداو دیجیتاڵ

تارمایی، ناوی پێشانگەیەکی فۆتۆگرافیی رەش و سپییە لە هەولێر، کە لە فێرگەی فرێمینگ لە هەولێر نمایشکراوە. فۆتۆکان، تڵخ، شێواو و تەمومژاوین و فۆتۆگرافەر دەیەوێت لەڕێگەیەوە لە ناواخن و شووناسی مرۆڤبوون رابمێنێت، بەبێ سەرنجدانە وێنەی راستەقینەی کەسەکان.
 
ئەو پێشانگەیە لە شەوی شەممە (20-1-2024) کرایەوە و ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت. پێشانگەکە بەرهەمی فۆتۆگرافەر هەڵۆ لانۆیە کە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پێشانگەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەی هێلانە، کە لەلایەن پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی لە عێراق بە هاوبەشی فێرگەی فرێمینگ بۆ وێنەی رۆژنامەوانی و گەلەریی سێڤ سازدەکرێت."
 
بۆ ئامادەکردنی فۆتۆکانی پێشانگەی تارمایی، هەڵۆ لانۆی تەمەن 42 ساڵ ماوەی مانگێک کاری کردووە. 
 
هەڵۆ لانۆ کە ماوەی 25 ساڵە فۆتۆگرافەرە، جگە لەو پێشانگەیە تائێستا بەشداریی لە زیاتر لە 20 پێشانگەی هاوبەش و تایبەتدا کردووە.
 
فۆتۆگرافەرەکە بە رووداوی گوت بۆ هەریەک لە فۆتۆکانی، چەندین چرکەساتی جیاوازی جوڵەی لە یەک چرکاندا کۆکردووەتەوە، واتە لە نێو وێنەی چرکێنراودا چەندین کات لە یەک کاتدا بەرجەستە بووە؛ بەمەش وێنەی جوڵاوی مرۆڤەکان دەردەکەوێت، کە تڵخ، شێواو و تەمومژاوییە.
 
وەک دەڵێ فۆتۆکانی بەڕێگەی "تەکنیکی کۆلاژ بە کامێرای دیجیتاڵ لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە بە سوودوەرگرتن لە خێرایی جوڵەی مۆدێل بۆ بەدەستهێنانی وێنەیەک کە  داینامیکییەتی تێدایە" چرکاندووە.