رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بۆردوومانێکەوە لە نزیک بەنداوی تشرین لە منبج، دوو رۆژنامەڤانی کورد کە لە ئاژانسی هاوار کاریان دەکرد، گیانیان لەدەستدا. ئاژانسەکە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە.
ئاژانسی هەواڵیی هاوار (ANHA) ئەمڕۆ هەینی 20-12-2024 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "جیهان بیلگین و نازم داشتان، هەردوو رۆژنامەڤانی ئاژانسەکەمان بەهۆی بۆردوومانی درۆنی تورکیاوە شەهید بوون".
ئەو ئاژانسە کوردییە دەڵێت، ئەو دوو رۆژنامەڤانەیان لە 08ـی ئەم مانگەوە بۆردوومان و شەڕی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاقیان لە سنووری منبج رووماڵ کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئاژانسی ئانها، هەردوو رۆژنامەڤانەکە لەکاتی ئەرکەکانیاندا کاژێر 03:20ـی ئێوارەی دوێنێ لەسەر رێگەی نێوان بەنداوی تشرین و شارۆچکەی سرین ئۆتۆمبێلەکەیان لەلایەن درۆنێکی تورکیاوە بۆردوومان کراوە، "هەردوو رۆژنامەڤانەکەمان شەهید بوون و شۆفێرەکەشیان بەناوی عەزیز حاجی بۆزان بریندار بووە".
جیهان محەممەد نەسرین بیلگین، ساڵی 1996 لە شاری مەدیادی سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شارەکەی خۆی تەواو کردووە. ساڵی 2013 بۆ خوێندنی یاسا چووەتە شاری ئامەد. ساڵی 2014 دەستی بە کاری رۆژنامەڤانی کردووە.
ئاژانسی هەواڵی ئانها ناوەندی سەرەکیی لە رۆژئاوای کوردستانە و جگە لە کوردی، بە پێنج زمانی دیکە هەواڵەکانی ناوچەکە بڵاو دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ