رووداو دیجیتاڵ
شەوانە زنجیرە چیاکانی مەتین لە قەزای ئامێدی، لە سنووری پارێزگای دهۆک لەلایەن هێلیکۆپتەر و درۆنەکانی تورکیاوە بۆردوومان دەکرێت. ئەوەش دۆخی گوندنشینانی بناری چیاکانی سەخت کردووە و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن چارەیەک بۆ رەوشی ئەوان بدۆزێتەوە.
ئاگر و دووکەڵ لە شوێنی بۆروومانەکان بەرزدەبێتەوە. چەند رۆژێک لەمەوبەر، نزیک کۆتانی مام عەلی بۆردوومانکراوە. کاتێک لە قووڵایی خەودا بووە، ئاگر لە دەوروبەری مەڕ و ماڵاتەکەی کەوتووەتەوە. ئەگەر زوو پێڕا نەگەیشتبا، 150 سەر مەڕ و هەر شەش مانگاکانی دەسووتان.
عەلی بەرگارەیی، ئاژەڵدارە و دەڵێت، "مەڕەکانمان هەمووی لێرە بوون. لە هەردوولا ئاگر تەشەنەی کرد. ئەگەر پێڕانەگەیشتباین، هەمووی دەسووتا. داوا لە حکومەت دەکەین ئەم بابەتە چارەسەر بکات. ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت، ئۆقرەمان نامێنێت."
لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا، تورکیا چوار خاڵی نوێی سەربازیی لە دەڤەری ئامێدی جێگیرکردوون. خاڵەکان دەکەونە سۆری سگێرێ، چیا رەش، سەرێ ئەلهو و چارچەل. هەر چوار خاڵەکە، لە شوێنی بەرز و ستراتیژی دانراون. ژمارەی ئەو سەربازانەی لەو خاڵانەدا جێگیرکراون نزیکەی 500 سەرباز دەبێت. لەگەڵ جێگیرکردنی ئەو خاڵانە، دۆخی ئەمنیی ناوچەکە سەختتر بووە و ترس و دڵەڕاوكێ کەوتووەتە دڵی گوندییەکانی بناری چیای مەتین.
رەمزی نهێلی، فەرمانبەرە و دەڵێت، "دۆخی ئێمە لێرە زۆر خراپە. بەتایبەت خەڵکی گوندەکانی سەرگەلی، گوهەرزێ، کانێ و مێرستەکێ رەوشیان زۆر زۆر خراپە."
لە ماوەی دوو ساڵی ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە چنگ-قفڵ لە ناوچەکانی زاپ، چیای مەتین و ئاڤا شین، تورکیا 17 خاڵی سەربازیی لەنێو خاکی هەرێمی کوردستاندا جێگیرکردوون و بەردەوام خاڵە سەربازییەکانی زیاددەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ